برنج و سماقی کوردی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای ئەوەی سێ جۆر بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە کران، بڕیارە بەرهەمی تریش هەناردەی دەرەوە بکرێت. حکوومەتی هەرێم، ئاسانکاریی تەواوی بۆ ئەو بازرگانانە کردووە کە دەیانەوێت بەرهەمی خۆماڵیی جووتیاران بنێرنە دەرەوە، ئەمەش دوای پڕکردنەوەی پێویستیی هاووڵاتییان و بەکاربردنی ناوخۆیی، بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژە و پلانی زۆر باشی هەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵ، هەفتانە چوار سەد تۆن پەتاتە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، تا ئێستە زیاتر لە هەزار تۆن پەتاتەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی چەند کاروانێکەوە هەناردەی ئیمارات کردووە، لە ڕۆژانی داهاتووش برنج و سماقی کوردی ڕەوانەی دەرەوە دەکات.
چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکوومەت، بەرهەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەکە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن “لە کوردستان دروست کراوە-Made In Kurdistan” دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکەن و لەوێ دەفرۆشرێن.
بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ چەندین بەرهەمی جیاوازی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئاستی بەرهەمێنانیان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیارانی ناوخۆ دا کە بەرهەمەکانیان لە ڕێی دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە، هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێ گەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرهەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت کە کشتوکاڵ لە هەرێم هەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرهەمی ناوخۆ دەیکات.
یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران لە بازاڕە جیهانییەکاندا، هەناردەکردنی بەرهەمی هەناری جووتیارانی هەرێم بووە بۆ وڵاتانی کەنداو، ڕۆژی هەینی ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، یەکەم کاروانی هەناری کوردستان ڕەوانەی ئیمارات کرا و دواتر بە شەش کاروان، زیاتر لە دوو هەزار تۆن هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتانی کەنداو کران.
لە کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون هەن، حکوومەت هاوکارییانی کردووە و لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵەوە، بەرهەمەکانی وەک ترێ، سێو، هەنجیر ڕەوانەی دەرەوە کراون، هەروەها لە ڕێی کۆمپانیایەکیش برنجی کوردی، ڕاشی و سماق هەناردەی دەرەوە دەکرێن.
ڕەمەزان مەحموود، شارەزای بواری کشتوکاڵ، دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گەورەی لە بواری کشتوکاڵ ناوە، کاتێک بڕیاری بردنە دەرەوەی بەرهەمی ناوخۆی کوردستانی دا بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەمە ئومێدبەخش بوو، جووتیار هەمیشە لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکەی گەورەترین خەمی ئەوەی بوو چۆن ئەو بەرهەمە ساغ بکاتەوە و تووشی زیان نەبێت و بتوانێ ڕەنجی ماندووبوونی وەربگرێتەوە. کردنەوەی بازاڕ لە دەرەوە هەنگاوێکی گەورەبوو، هەرێمی کوردستان دەتوانێ بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی ڕەوانەی دەرەوە بکات.
پێنج هەزار تۆن پەتاتەی پیشەسازیی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئیمارات دەکرێن، دەکرێت ڕێژەکە زیاتر بەرزببێتەوە، ئەگەر خواستێکی زۆر لەسەر پەتاتەی کوردستان هەبێت. بەشار مشیر، خاوەنی کۆمپانیای K.H.ی تایبەت بە وەبەرهێنان و هەناردەکردنی پەتاتە، گوتی: تا ئێستە، زیاتر لە هەزار تۆن پەتاتەی جۆری پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی چەند کاروانێکەوە هەناردەی ئیمارات کراوە.
خاوەنی کۆمپانیای K.H.ی تایبەت بە وەبەرهێنان و هەناردەکردنی پەتاتە، ئاشکراشی کرد: پڕۆسەی هەناردەکردنی پەتاتەی کوردستان بۆ ئیمارات بەردەوامە، هەفتانە لە ڕێگەی چەند کۆنتێنەرێکەوە نزیکەی چوار سەد تۆن پەتاتە هەناردە دەکەین.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، گوتی: هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش بەرهەمی ناوخۆی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سی تۆن برنجی ئاکرێ و چەندین تۆن سماق ڕەوانەی بازاڕەکانی ئەوروپا دەکرێت. خواستێکی زۆر لەسەر برنجی کوردی هەیە، ئێمەش وەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکار دەبین بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، گوتیشی: سیاسەتی حکوومەتی هەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان نەمێنێتەوە و بازاڕی هەبیت، ساڵی ڕابردوو چەند هەنگاوێک نران و ژمارەیەک بەرهەم ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کران.