ئاسایشی حاجی ئۆمەران: دەستبەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەردا گیرا و ژمارەیەک بازرگانیش دەستگیرکران

ئاسایشی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایدەگەیەنێت، دەستبەسەر دوو کیلۆ و 200 گرام ماددەی هۆشبەر لە جورەكانی كڕیستال و حەشیش مەریجوانا گیرا و ژمارەیەک بازرگانیش دەستگیرکران.

ئەمڕۆ پێنجشەمە، 7ـی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە راگەیەنداروێکدا رایگەیاند: لە ئەنجامی زانیاری ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی  ئۆمەران لەسەر هاتنی ماددەی هۆشبەر بۆ پارێزگای هەولێر و دواتر بە سەرپەرشتی راستەوخۆی  بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی حاجی ئومەران و بە هەماهەنگی لەگەل بەرێز بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازە سنوورییەكان تیمێكێ هاوبەش پێك هێنڕا و  توانرا لە شەوی (2023/8/14) لە پارێزگای هەولێر دەست بگێریت بەسەر ئەو بڕە ماددەیە.

ئاماژە بەوەش کراوە: چەندین  كەس بەتۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیركران و پەڕاوی ڵێكولینەوە بۆ ئەنجامدەرانی ئەو كارە كرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەو كەسانە  پێشتریش  بە هەمان تۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیركرابوون  و درەنگ ئاشكراكردنی بابەتەكە بۆ پاراستنی رێرەوی  لێكولێنەوە بوو. هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە شەو و رۆژ دەخەینە سەر یەك بۆ ئارامی و پاراستنی ئەمنییەتی كوردستان.