کەشناسی رەوشی کەش و هەوای دوو رۆژی راگەیاند

ئاراس جەبار ،شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند: لە ئێستادا دیاردەی ئێڵ نینیۆ كە لە بەھاری ئەمساڵ دەستی پێكردووە، لە گەشەكردنی بەردەوامدایە و بەدرێژایی پاییز و زستانی ئەمساڵ و كۆمەڵێك گۆڕانكاری ھاوكاتە لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا كە پێشتر چاودێری كراوە لەوانە: گەرمبوونی ئاوەكانی ڕووی رۆژئاوای زەریای ھیندی كە ھۆكارێكی گرنگ و بەشدارە لە بەرزكردنەوەی شێ و چالاككردنی نزمەپاڵەپەستۆی گەرمەكان لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و باكوری رۆژھەڵاتی كیشوەری ئەفریقا .
ئاماژەی بەوەشكرد، گەرمبوونی ئاوەكانی دەریای سوور و ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسی ھاوكارن لەبەھێزكردنی سیستەمە پەستانییە نزمەكان بۆ سەر ناوچەكانمان و لاوازبوونی سیستمە پەستانییە بەرزەكان ،كە ئەمەش ئەبێتە ھۆی زۆربوونی شەپۆڵەكانی بارانبارین و زیادبوونی ماوەی خایاندنی شەپۆڵەكان لەسەر ناوچەكە و یەكێك لە خاڵە گرنگەكانیش كە زیاتر لە سەرەتا و ناوەڕاستەكانی وەرزی پایزدا ئەبینرێت ،بارانە بەخوڕ و بەلێزمەكانە كە لەئەنجامی پشێوی و ناجێگیری بەھێزی كەشوھەوا سەرھەڵئەدەن بۆ ئەم پاییزە ئەم حاڵەتانە زیاتر ئەبن .
هەروەها گوتی: دروستبوونی لافاو و دیاردە توند و مەترسیدارەكان چەند بەرامبەر لە پاییزی ئەمساڵ لەزۆربەی ناوچەكان زیاتردەبێت بەراوورد بە ساڵانی ڕابردوو .
گوتیشی: پێشبینی باران و بەفری زیاد لە پێویست دەكرێت و ساڵێكی زۆر تایبەت و كەمبینراو دەبێت.
هەروەها ئاراس جەبار سەبارەت بە دابەزینی زیاتری پلەكانی گەرما گوتی:سبەی ھەینی ئاسمانی ھەرێم ساماڵ ئەبێت و پلەكانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی 1 پلە نزمتردەبێتەوە .
هەروەها بۆ رۆژی  شەممە پلەكانی گەرما بەرێژەیەكی زۆر بەرچاو 3 تا 4 پلە لەسەرجەم ناوچەكاندا نزمتر ئەبێتەوە.