وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری رێنماییه‌كی نوێ له‌باره‌ی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە ده‌رده‌كات

وەزارەتی دارایی و ئابووریی رێنماییەکی نوێ لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 6ـی ئه‌یلوولی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێنماییەکی نوێی لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ بەپێی رێنمایی ژمارە (10)ـی ساڵی 2023ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیار دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە (9)ـی ساڵی 2023ـی تایبه‌ت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لە دەستبەر “كه‌فیل”.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئەم بڕیارە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی بارودۆخی ئێستای هاووڵاتیی و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان دراوە.

رۆژی 4ـی ته‌ممووزی 2023، له‌ روونکردنەوەیەکدا بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە،  لە بنەڕەتدا بۆ کارئاسانی خاوەن قەرز و کەفیلەکان دەرچووە و لە بڕی ئەوەی کۆی مووچەی کەفیلەکە رابگیرێت، لەمەودوا تەنها یەک لە سەر پێنجی مووچەی مانگانە دەبڕدرێت.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، “سەبارەت بە رێنمایی دارایی ژمارە (9)ـی ساڵی 2023 تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لە دەستەبەر (کەفیل)، پێدانی قەرز و بەدەستهێنانەوەی بەپێی یاسای عێراقی ئەنجامدراوە و لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی رەچاوی قەیرانی دارایی کردووە و ئاسانکاری زۆری پێشکەش کردووە بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەی قەرزەکان و چەند جارێک بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبوونی تەواو کراوە لە هەموو سزا کەڵەکەبووەکان و داشکاندنی 15% بۆ کۆی گشتی قەرزەکان”.

بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی روونیکردووتەوە، رێنماییەکە لە بنەڕەتدا بۆ کارئاسانی خاوەن قەرزو کەفیلەکان دەرچووە و لەبڕی ئەوەی کۆی مووچەی کەفیلەکە رابگیرێت، لەمەودوا تەنها یەک لەسەر پێنجی مووچەی مانگانە دەبڕدرێت، ئەگەر قەرزار ئامادە نەبوو لەماوەی دوو مانگ قەرزە کەڵەکەبووەکانی بگەڕێنێتەوە، ئەو لێبڕینەش بە یاسا و بڕیاری دادگا رێکخراوە، تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە فەرمانبەرن و بوونەتە کەفیلی هاووڵاتی و تەنیا بۆ سێ جۆر قەرزە کە ئەوانیش قەرزی خانووبەرە، نیشتەجێبوون و هاوسەرگیرییە.

رۆژی 21ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا گۆڕانکاری لە میکانیزمی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی پێشینەی هاوسەرگیریی و خانووبەرەی بکرێت، بەجۆرێک رەچاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییان بکرێت.

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە گۆڕانکاری لە میکانیزمی وەرگرتنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیریی و خانووبەرە لە هاووڵاتییان.

لە ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی ئه‌مساڵ 2023ـدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین و توێژەکانی پارێزگای دهۆک کۆبووەوە و وەرگرتنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیری و خانووبەرە یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی ئەو پارێزگایە  بوو.