وەزارەتى خوێندنى باڵا دەرچووانى 12ـی ئامادەیی ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووانى پۆلى 12ـی ئامادەیى ئاگاداردەکاتەوە بۆ پێشکەشکردن و پڕکردنەوەى فۆڕمى زانکۆلاین، ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی ئەیلوولی 2023، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە راگەیەندراوێکدا، دەرچووانى پۆلى 12ـی ئامادەیى ئاگادارکردەوە، بۆ پێشکەشکردن و پڕکردنەوەى فۆڕمى زانکۆلاین، ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانتان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: بۆ به‌رچاوڕونی زیاترى ده‌رچووانی پۆلی 12 و ئاشنابوونیان به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانتان.

ئەوەش خراوەتەڕوو: قوتابیان هەروەها دەتوانن سەردانى (مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکانى کوردستان) بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به ‌سیستمه‌ جیاوازه‌كانیەوە، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەرچووان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن، ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە.