دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ساڵانێکی زۆرە بەردەوام گرفتی مووچە و بودجە و نەوت، گرفتی گەورە و ناکۆکی سەرەکی نێوان ھەولێر و بەغدایە، لە کابینەی سوودانی، ھەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنێکی پێشوەختە بەشدار بوو، یەکێک لە سەرەکیترین کاری ڕێککەوتنەکە بودجە و مووچەیە کە لە بەغداوە دێت لە بەرامبەر ئەرکەکانی هەرێمی کوردستان، کەچی پێگری بەیاسا و ڕێککەوتنەکان ناکرێت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکرێت. سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: دادگەی باڵا لە جیاتی ئەوەی بە ئەرکی خۆی ھەستێت و داکۆکی لە قوت و مافە دەستوورییەکانی ھەرێم بکات، لە ئێستەدا خەریکی ڕێگری کردنە لە گەڕانەی پارتی بۆ کەرکووک.

بەوتەی چاودێرانی سیاسی، بە درێژایی ساڵ شەڕ لەگەڵ عەقلیەتێک دەکەین لە بەغدا کە دان بە مافەکانی کورد دانانێت. وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، دەستپێشخەر بووە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ئاساییبکاتەوە، دەشڵێت، ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی ناردنی پێنج سەد ملیار دینارەکەی بەغدا دەدات.
بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک و سێ سەد ملیار دینارە، بەڵام بەغدا ڕایگەیاندووە نیوە کەمتری ئەو بڕە دەنێرێت، ئەویش بە قەرز، داهاتی ناوخۆ مانگانە سێ سەد و بیست ملیار دینارە، ئەندامانی شاندەکە دەڵێن، ئەو بڕەشی بەغدا بە قەرز دەنێرێت، بەشی مووچە ناکات.
یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥، لە ١٢ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسەندکرا، لە ٢٦ـی ھەمان مانگ لەڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە، پارەکەی بۆ ھەر ساڵێک ١٩٨.٩ ترلیۆن دینارە و پشکی ھەرێمی کوردستان تێیدا زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینارە، بەپێی یاسای بودجە، ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣ تەرخانکراوە، مانگانە نۆ سەد و شەش ملیار دینارە، بەڵام بەغدا لە دوای پەسەندکردنی یاساکە، تەنیا مووچەی مانگی حوزەیرانی ناردووە، ئەویش لە دوای چەند جارێک سەردانیکردنی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا.
شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام ئاماژە بەوەدەکات، ھەموو بیانووەکانی بەغدایان بڕیوە، بەڵام لە بەرامبەردا بەغدا بەردەوامەلە هەوڵەکانی بۆ بچووکردنە و لاوازکردنی قەبارەی ھەرێمی کوردستان، ئێستە چارە بەلای زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە، لەناوخۆدا بەیەکگرتوویی ڕووبەڕووی ئەو تەوژمە سیاسییەی بەغدا ببنەوە، بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
د. زکری نەوزاد، شارەزای بواری ئابووری، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق نەوتی خۆی دەفرۆشت و ھیچ کێشەیەکی نەبوو و مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دەدا، کەچی ھەندێک کەس و لایەنی کوردستانی دەیانگوت ئەگەر ھەرێمی کوردستان نەوت بداتە بەغدا مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دێت و ھیچ کێشەیەکی نابێت، فەرموون ئەوە ھەرێمی کوردستان نەک نەوتی ڕادەستی بەغدا کردووە، بەڵکو داهاتی ناوخۆشی داوەتە بەغدا، کەچی بە دوو مانگ و بە ناردنی شاند پێنج سەد ملیار دینار ڕەوانە دەکات، ئەوانەی بەغدایان کردبوو بە شامی شەریف ئێستە لە کوێ خۆیان حەشارداوە و بۆ ناڵێن بەغدا خەتابارە و پێگری بەڕێککەوتنەکان ناکات.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: بەس پارتی لە کوردستانە، ئەی حزب و لایەنەکانی دیکە بۆ دەنگ بەرزناکەنەوە و داوای شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن، لە ئێستەدا یەکدەنگی ھەرێمیکوردستان بەرامبەر بە لایەنە پیکهێنەرەکانی حکوومەتی عێراق پێویستە بەتایبەت بۆ داواکردنی ماف و شایستەکان و ئەو ستەمەی لەسەر هاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە ھەر نەبوونی یەکدەنگی بوو چارەنووسی یاسای بودجەی بەگوێرەی خواستی کورد و ھەرێمی کوردستان یەکلایی نەکردەوە، ھەمان ھەڕەشە لە ئێستەدا لەسەر ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازیش ھەیە.
ڕۆژی دووشەممە تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی مووچە و بودجە خستەڕوو. پێشەوا ھەورامانی، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەیەکەم دانووستانیەوە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوام ھەوڵیداوە حکوومەتی عێراق پابەند بێت بەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردوویەتی، دەشڵێت: ئەوەی پابەند نەبووە بەڕێککەوتنەکان، حکوومەتی عێراقە.
وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لە ئامادەیی حکوومەتی ھەرێم کردووە بۆ ھەموو دانووستانێک لەگەڵ بەغدا. گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نییەتێکی پاک و بە ئارامی و پشوو درێژییەوە دەچێتە دانووستانەکان، بەڵام نازانین ئەم ئارامی و پشوو درێژییە تا کەی بەردەوام دەبێت.
وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئەمڕۆ چوار شەممە ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و لایەنە بەشداربوو و پێکهێنەرەکانی حکوومەت بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ناردنی بڕی پێنج سەد ملیار دەدەن، کە حکوومەتی فیدڕاڵی وەک خێر بە ھەرێمی کوردستانی دەدات.
وتەبێژی حکوومەت، زیاتر دەڵێ: حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ لەوەتەی ٢٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣ـەوە ڕۆژانە ھەشتا و پێنج بۆ نەوەد و پێنج ھەزار بەرمیل نەوتی لە ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە، کە تەنیایەک دۆلاریشی لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو نەوتە وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادە بووە زیاتر لەو بڕەش بە حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ بدات، حکوومەتی فیدراڵ خۆی لە دوو ئەرک دزیوەتەوە، یەکەمیان نەناردنی بەشە بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان و دووەمیان نەدانی مافی کۆمپانیاکانی نەوت کە کاری بەرھەمهێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە ئەوەی حکوومەتی فیدڕاڵ بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەیکات، پیلانێکە و دەستی پێ کراوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجە کرا بوو، هەندێک لایەن لە پەرلەمان سەرلەبەری ڕێککەوتنەکەیان گۆڕی، سەرەرای گۆڕانکارییە نادەستووری و نایاسایەکانی بودجەی پەسەندکراو، حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لەسەریەتی وەک خۆی جێبەجێکردووە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: بەپێی بودجەی فەرزکراو دەبێت عێراق مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک و سێ سەد ملیار دینار بۆ ھەرێم بنێرێت، بەڵام دوای تێپەربوونی سێ مانگ، بڕیاریان داوە تەنیا پێنج سەد ملیار دینار مانگانە بنێرن، ئەمە لە کاتێکدایە دۆلارێک بۆ خەرجی وەبەرھێنان دانەنراوە، دۆلارێک بۆ بەڕێوەبردنی حکوومەت و وەزارەتەکان دانەنراوە، دۆلارێک بۆ دابینکردنی کارەبا و نەوت و بەنزین و ئاو و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی دانەنراوە، دۆلارێک بۆ بەرھەمھێنانی نەوت دانەنراوە، ئەوجاش نیوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەنێرێت.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، زیاتر گوتی: دادگەی باڵا لەجێی ئەوەی بە ئەرکی خۆی ھەڵبستێت و داکۆکی لە قوت و مافە دەستوورییەکانی ھەرێم بکات، لە ئێستەدا خەریکی ڕێگری کردنە لە گەڕانەی پارتی بۆ کەرکووک، ئەوەی ئێستە لە عێراق دەگوزەرێت خاڵی بوونە لە فیدراڵییەت و بنپێ خستنی بنەماکانی تەوافوق و تەوازن و شەراکەت کە عێراقی نوێی لەسەر بنیادنراوە، لە ئێستەدا عێراق لە قۆناغی پشتگوێخستنی ھەرێمەوە ھەنگاوی ناوە بۆ قۆناغی کارکردنی جددی بۆ لەناوبردنی ھەرێم و پێکهاتەی کورد.