دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری گەیشتنە شاری ناشڤیلی ویلایەتی تێنسی ئەمریکا و لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە لەلایەن جۆن کوپەر، مایەری شاری ناشفیل و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشفیل بەگەرمی پێشوازیان لێکرا.
مەبەست لە سەردانەکەی شاندی پارێزگای هەولێر بە سەرۆکایەتی پارێزگاری هەولێر بۆ شاری ناشڤیلی ویلایەتی تێنسی ئەمریکا، پەرەپێدانی پێوەندییەکان و واژۆ کردنی ڕێککەوتنی دەستەخوشکی نێوان هەولێر و ناشڤیل و ئەنجامدانی چەندین دیدار و چاوپێكەوتنە لەگەڵ كەسایەتی و گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە.
لەڕێورەسمی پێشوازیکردنەکەشدا، مایەری شاری ناشڤیل وێڕای بەخێرهێنان، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەی پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری بۆ شارەکەیان نیشاندا، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر سوپاسی مایەری شاری ناشفیل و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشفیل کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا.
جێگەی باسە، لە 2023.5.20، شاندێکی باڵای شاری ناشفیل بەسەرۆکایەی جۆن کوپەر، مایەری شاری ناشفیل و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و بۆرد و سەرۆکی بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشفیل سەردانی شاری هەولێریان کرد و دوای دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و کۆتاهاتنی سەردانەکەیان بۆ هەولێری پایتەخت و گەڕانەوەیان بۆ ئەمریکا، ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەکەیان بە زۆرینەی دەنگ، شاری هەولێری وەك دەستەخوشك پەسند كرد، لە ئێستاشدا شاندی پارێزگای هەولێر بە سەرۆکایەتی پارێزگاری هەولێر سەردانی ئەو شارەیان کردووە بۆ واژۆ کردنی ڕێککەوتنی دەستەخوشکی نێوان هەولێر و ناشڤیل، بە واژۆ کردنی ئەم ڕێککەوتنەش هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، دەبێتە دەیەمین دەستەخوشكی شاری ناشڤیل لە جیهان و یەكەمین شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دەستەخوشكبوونی هەردوو شاری هەولێر و ناشڤیل، ڕۆڵێكی گەورە لە بەرەوپێشچوونی پێوەندییە كولتووری، شارەوانی، پەروەردە، تەندروستی، هونەری و وەرزش و سێكتەرەكانی تری نێوان هەردوولادا دەگێڕێت، زیاتر لە 25 هەزار كورد لە ناشڤیل دەژین، لە دەستەخوشكبوونی هەولێر و ناشڤیل سوودمەندی یەكەم هاووڵاتییانە، جگە لەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش دەباتە قۆناغێكی تر.