گەرمیان گلی – ههولێر
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و دواجار لەسەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێن. بەڵام حکوومەتی عێراق تا ئێستا پابەندی ئەم رێککەوتنە نەبووە کە تەنیا چەند مانگێکی بەسەردا تێپەڕیووە.
پێش ڕادەستکردنی نەوت
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ڕادەستکردنی نەوت، جگە لەوەی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی چارە کردبوو، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری گەورەی لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی جێبەجێ کرد و جارێکی دیکە گەیشتبووەوە قۆناغی پێشکەوتن دوای ئەو قەیرانە قووڵەی لەدوای ساڵی ٢٠١٣ەوە بە هۆکاری جیاواز جیاواز بەرۆکی گرت. بەڵام لەپێناو ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا پابەندی ئەو ئەرکە داراییانە بووە کە لەپای ڕێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی هەیەتی و هیچ داهاتێکی نەوتی لەبەردەست نەماوە و داهاتی نانەوتیش بەپێی ڕێککەوتنەکەکی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کەم بووەتەوە، بە ڕادەیەک تەنیا ناردنی شایستە داراییەکانی لە بەغداوە دەتوانێت پارەی مووچە خۆرانی دابین بکات.
پیلانەکەی عێراق
ئێستا کێشەی عێراق چەند بەرمیلێکی نەوت نیە، ئەوەی لە عێراق زۆرە نەوتە، بەڵکو کێشەی سەرەکی عێراق ئەوەیە دەیانەوێت لەڕێگای نەدانی موچەوە، یان ناردنی پارەیەکی کەم کە بەشی موچە نەکات، دەیانەوێ تۆڵەی سیاسی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەنەوە و وەک ئەوەی بیانەوێت باجی ئەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدەن کە لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان هەموو نەرمییەکی بۆ عێراق نواندووە و پابەندی رێککەوتنەکەیانە، بەڵکو ئەوە عێراقە پابەندی رێککەوتن نابێت .
لە لایەکی دیکەوە ئەگەر بە سادەییش بەراورد بکەین ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانەی لە عێراق دەکرێت، ئایا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت؟ بەڵگەش بەراوردکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستانە بە شارەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، کە جیاوازییەکی ڕوونە بۆ هەموو لایەک. ئەم سیاسەتەی حکوومەتی فیدڕاڵی لە کاتێکدایە، هەرکاتێک هاووڵاتیانی عێراق بیانەوێت ڕەخنە لە حکوومەت بگرن بەراوردی خزمەتگوزارییەکانی شارەکانی خۆیان دەکەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش پێدەچێت تەواو ڕەنگدانەوەی بەسەر ئەو سیاستەوە هەبێت کە ئێستا عێراق پەیڕەوی دەکات.
ناڕەزایی خەڵکی هەرێمی کوردستان
دۆخی هەرێمی کوردستان، لە زۆربەی ڕووەکانەوە، زۆر باشترە لە هی عێراق. پێدەچێت سیاسەتەکەی حکوومەتی فیدڕاڵی نەک شکست بهێنێت بەڵکو تاوڵەکە بەسەر خۆیدا قڵپ بکاتەوە و ئەمجارە جیاواز لە ساڵانی پێشتر، خەڵکی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی پێشێلکارییەکانی حکوومەتی عێراق دەکەن و چیتر ناتوانن بەو سیاسەتە کار لەسەر دروست بوونی بێ متمانەیی بکەن لە نێوان هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. هەر دوێنێش لە شاری دهۆک خۆپێشاندانێک بە بەشداری هەزاران هاوولاتی بۆ پشتگیری لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی بەڕێوە چوو، کە تیایدا سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییە دەستورییانە کرا کە حکوومەتی فیدڕاڵی دەستی داوەتێ. وە هەر لە خۆپێشاندانەکەوە سەرکۆنەی ڕووداوەکانی ٢ی ئەیلوولی شاری کەرکووک کرا کە هێزە چەکدارەکان ٤ ڕۆڵەی شارەکەیان تێدا شەهید کرد.