وەزیری کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان: بەغدا خۆى لە داوای لێبوردن و قەرەبووی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەدزێتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەى وەزارەتی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە، خزمەتی شایستەی بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی کردووە و هەوڵی داوە قەرەبووی شیاو بە ژیان و دۆخی کۆمەڵایەتییان بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لە ناوخۆدا لە ڕێگەى دابینکردنی یەکەى نیشتەجێبوون و دەرفەتی خوێندن و لە دەرەوەى هەرێمی کوردستانیش هەوڵی بەجیۆسایدناسان و کۆکردنەوەى هاودەنگیی عێراق و نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووی ماددی مانەویی خەڵکی کوردستان داوە.

عەبدوڵڵاى مەحموود محەمەد، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “بۆ شوێنی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسیی، به‌ گوێره‌ی یاسا، مافێكی یاسایی خۆیانه‌ و ئه‌ركێكیشه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان،‌ شیاوترین ڕێگه‌ بگرینه‌ به‌ر بۆ خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیانی ڕزگاربووی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و زیندانیانی سیاسیی.”

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەشی بەوەدا کە له‌م كابینه‌یه‌دا پڕۆژه‌یان پێشكه‌ش كردووە و له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران تاووتوێ كراوە و بڕیار درا له‌ بری زه‌وی، یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیانی ڕزگاربووی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و زیندانیانی سیاسیی دیاری بكرێت، بۆ ئه‌و پرسه‌ش ڕێكاری پێویست گیراوه‌ته‌ به‌ر و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و خودی سه‌رۆكوه‌زیران چاودێری ده‌كات و راشیگەیاند:” ئه‌وه‌ی ئه‌رك بووه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، لای ئێمه‌ یه‌كلا بووه‌ته‌وه‌ و ماوه‌ته‌وه‌ لای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران؛ هیوادارم ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری كۆتایی له‌باره‌وه‌ بدات و یه‌كلای بكاته‌وه‌، چونكه‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان شایسته‌ن.”

لەبارەی خوێندن و دابینكردنی خه‌رجیی خوێندن بۆ ڕۆڵه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، عه‌بدوڵڵای مه‌حموود، گوتی: “پرسی خوێندن، گرنگه‌، له‌م بواره‌دا هه‌نگاوی باش نراوه‌، ڕێكاری پێویست گیراوه‌ته‌ به‌ر و ڕێنمایی ده‌ركراوه‌، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، كارمان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان دابین بكرێت. له‌ كابینه‌كانی پێشوودا، پاره‌ ده‌درا به‌ خوێندن بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان، به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌، ئێمه‌ به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له‌ بری پاره‌، كورسی خوێندنمان بۆ دابین كردوون، هه‌روه‌ها له‌و شوێنانه‌ی داواكاریی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌وانه‌ی به‌ پێی یاسا په‌یوه‌ندیدارن و ده‌توانن ڕه‌زامه‌ندیان بۆ خوێندن پێ بدرێت.”

پرسێکی دیکە، بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی و ڕەشەکوژییەکانە کە لە ماوەى ڕابردوودا بەرانبەر بە گەلی کورد کراوە. لەوبارەوە ڕایگەیاند: “پرسی به‌ جینۆسایدناساندنی كه‌یسه‌كانی جینۆسایدی گه‌لی كوردستان زۆر گرنگه‌، كارمان له‌سه‌ری كردووه‌، زۆربه‌ی دۆسییه‌كان له‌ دادگا یه‌كلا كراونه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش بڕیاری بۆ ده‌رچووه‌، هه‌ر له‌ دۆسییه‌كانی ئه‌نفال و كیمیاییباران و فه‌یلییه‌كان و ئه‌و ڕووداوانه‌ی ئه‌م دواییه‌ش كه‌ هه‌بووه‌، كارمان له‌سه‌ر كردووه‌، له‌ دادگا بڕیاریان بۆ ده‌رچووه‌، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش بڕیاری ده‌ركردووه‌. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ گشتی داوای لێبوردن بكات و حكومه‌تی عێراقیش قه‌ره‌بووی خه‌ڵكی كوردستان بكاته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا حكومه‌تی عێراق به‌ شێوازی جۆربه‌جۆ خۆی لێ ده‌دزێته‌وه‌. ئه‌م پرسه‌ دوو لایه‌نی هه‌یه‌، لایه‌نێكیان ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م قه‌ره‌بووه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق، كه‌ داوای لێبوردن بكات و حكومه‌ت جێبه‌جێی بكات، دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌، گرفتمان له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕابردوو هه‌بووه‌ و تا ئێستاش نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ تێپه‌ڕێنن.”

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان راشیگەیاند:” ترسمان هەیە له‌ دووبارەبوونه‌وه‌ی ئه‌نفال و جینۆساید و كیمیاییبارانكردنی خه‌ڵكی كوردستان، وه‌كوو كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ و گۆپته‌په‌ و عه‌سكه‌ر و پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك، ئه‌م پرسه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان پرسێكی گرنگە‌. ده‌مانه‌وێت ئه‌م پرسه‌ ببه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق، خۆشبه‌ختانه‌ بۆ یه‌كه‌مجار ئێمه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی جینۆسایدی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوی كه‌یجی لۆبیی سه‌نته‌ر، توانیمان له‌ كۆنفرانسێكی گه‌وره‌ به‌شداری بكه‌ین كه‌ له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانیا بەڕێوە چوو. له‌وێ توانیمان لۆبییه‌كی باش بكه‌ین، كه‌یسه‌كانی جینۆسایدی خه‌ڵكی كوردستان به‌ سه‌رجه‌م به‌شداربووانی ئه‌و كۆنفرانسه‌ بگه‌یه‌نین؛ كه‌ میلله‌تی كورد گه‌لێكه‌ سته‌می لێ كراوه‌ و جینۆساید و ئه‌نفال كراوه‌.كاریشمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی زانایانی نێوده‌وڵه‌تی، پشتیوانیی وه‌زاره‌ت و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن بۆ ئه‌و دۆسییانه‌ی هه‌مانه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوی كه‌یجی لۆبیی سه‌نته‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ ئه‌م مه‌ترسییانه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر توانیمان له‌م قۆناغه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ بچینه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ هه‌نگاوی دیكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگرینه‌ به‌ر.”

کابینەى نۆیەم، بە چاودێری و پشتیوانیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە گرنگییەوە بۆ خزمەتکردن و قەرەبوو و هاوکاریی کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی دەڕوانێت و بەردەوام لە هەوڵی خزمەتکردنی ئەو توێژانەدایە.

بۆ بينينى ڤیدیۆی ديمانه‌ لەگەڵ وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، كرته‌ له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌ ( كرته‌ بكه‌ )

فەرمانگەى میدیا و زانیاری