لێدوانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسی تایبەت بە وەبەرهێنان و گەشتیاری لە هەولێر سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجەم بەغدا دەبێت مانگانە تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەران 750 ملیار دینار بنێرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، یاسای بودجە بە نەفەسێکی شۆڤێنی دژی مافەکانی هەرێمی کوردستان نووسراوە، چونکە لەجێگەی ئەوەی پرۆژەیەکی دارایی بێت بەرگێکی سیاسی بە بەردا کراوە.

راشیگەیاند، بەپێی یاسایەی بودجەی عێراق کە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، دەبێت بەغدا مانگانە تەنها بۆ فەرمانبەران 750 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، جگە لە بودجەی وەبەرهێنان.

سەبارەت بە دۆخی کەرکووک شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا، هەندێک لایەن کە کوردیشیان تێدایە دەیانەوێت لەرێگەی تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکانەوە خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە لە کەرکووک تێکبدەن و ئەو پەیامەی کوردانی کەرکووک هەیانە نەگات.