چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پارێزگاری هه‌ولێر گەیشتە شارى ناشڤێڵی ئەمریکا

ئەمڕۆ سێشەممە 2023.9.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى گەیشتنە شارى ناشڤیلى ویلایەتى تێنسى ئەمریکا و لە فڕۆکەخانەى ئەو شارە لەلایەن جۆن کوپەر، مایەری شاری ناشفیل و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشفیل بەگەرمى پێشوازیان لێکرا.
مەبەست لە سەردانەکەى شاندى پارێزگاى هەولێر بە سەرۆکایەتى پارێزگارى هەولێر بۆ شارى ناشڤیلى ویلایەتى تێنسى ئەمریکا، پەرەپێدانی پێوەندییەکان و واژووکردنی رێککەوتنى دەستەخوشکى نێوان هەولێر و ناشڤیل و ئەنجامدانى چەندین دیدار و چاوپێكەوتنە لەگەڵ كەسایەتی و گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە.
لەڕێورەسمى پێشوازیکردنەکەشدا، مایەری شاری ناشڤیل وێڕاى بەخێرهێنان، خۆشحاڵی خۆى بەسەردانەکەی پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى  بۆ شارەکەیان نیشاندا، لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر سوپاسی مایەری شاری ناشفیل و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشفیل کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا.
جێگەى باسە، لە 2023.5.20، شاندێکی باڵای شاری ناشفیل بەسەرۆکایەی جۆن کوپەر، مایەری شاری ناشفیل و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و بۆرد و سەرۆکی بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشفیل سەردانى شارى هەولێریان کرد و دواى دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگارى هەولێر و کۆتاهاتنى سەردانەکەیان بۆ هەولێرى پایتەخت و گەڕانەوەیان بۆ ئەمریکا، ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەکەیان بە زۆرینەی دەنگ، شاری هەولێری وەك دەستەخوشك پەسند كرد، لە ئێستاشدا شاندى پارێزگاى هەولێر بە سەرۆکایەتى پارێزگارى هەولێر سەردانى ئەو شارەیان کردووە بۆ واژووکردنی رێککەوتنى دەستەخوشکى نێوان هەولێر و ناشڤیل، بەواژووکردنى ئەم ڕێککەوتنەش هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، دەبێتە دەیەمین دەستەخوشكی شاری ناشڤیل لە جیهان و یەكەمین شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دەستەخوشكبوونی هەردوو شاری هەولێر و ناشڤیل، رۆڵێكی گەورە لە بەرەوپێشچوونی پێوەندییە كولتووری، شارەوانی، پەروەردە، تەندروستی، هونەری و وەرزش و سێكتەرەكانی تری نێوان هەردوولادا دەگێڕێت، زیاتر لە 25 هەزار كورد لە ناشڤیل دەژین، لە دەستەخوشكبوونی هەولێر و ناشڤیل سوودمەندی یەكەم هاووڵاتییانە، جگە لەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش دەباتە قۆناغێكی تر.