دادگەی فیدراڵی لە شەش ساڵدا حەوت بڕیاری دژیھەرێمی کوردستان دەرکردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دادگەی باڵای فیدراڵی تاکڕەوانە و بەبێ گوێدانە پرەنسیپەکانی ھاوسەنگی و شەراکەت و تەوافوق کە عێراقی نوێیان لەسەر دامەزراوە، تاکلایەنە بڕیار لە دژی گەلی کوردستان دەردەکات. یاساناس و شارەزایانی دەستوور، دەڵێن: دادگەی فیدراڵی بێلایەنیی لە دەستداوە و زۆربەی بڕیارەکانی سیاسین.

دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ـە‌وە لەبەرەی دژ بە گەلی کوردستان و مافە ڕەواکانی کورد بڕیار دەدات و ئەو دۆسیانە دەوروژێنێت و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکات کە تایبەتن بەلێدان لە ‌بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و قەوارە یاساییەکەی، لەگەڵ ئەمەشدا ئەو پرەنسیپانە پشتگوێ دەخات کە عێراقی نوێی لەسەر بونیادنراوە، بە گشتی ئەو بڕیارانەی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لەدژی ھەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی دەریکردوون، بەچاوێکی دوژمنکارانەی موتڵەق لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەرپەرچدراونەتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی ڕایگەیاندووە،‌ ھۆکاری سیاسی لەپشت دادگەکەوەیە و تاکلایەنە ھەڵیدەسووڕێنێت و باکگراوندی سیاسی و دوژمنکارانەی مەبەستداری لەپشتەوەیە.
ڕۆژی یەک شەممە ٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣ دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە نوێترین بڕیاریدا ڕادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگرت و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و ڕادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە ڕادەگیرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، جیاواز لە ھەموو ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان کە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوون و بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک دەیگرێتەبەر، بۆ ئەو سکاڵا کە دژی گەڕانەوەی پارتییە بۆ کەرکووک، لە ڕۆژێکدا سکاڵاکەی وەرگرتووە و کۆبوونەوەی کردووە و بڕیاریشی بۆ دەرکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە ٢٥ـی مانگی ڕابردوو، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی ڕاسپاردبوو لە ١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣ بارەگاکە چۆڵ بکرێت و ڕادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.
ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی دوای ڕۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی ھاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک دێت کە بە تەقەی ھێزە عێراقییەکان چوار ھاووڵاتی بە ناوەکانی ھاوکار عەبدوڵڵا، ھەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر، بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان شەھید کران و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون، جگە لە دەستگیرکردنی زیاتر لە ٤٠ گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریی لە خۆپیشاندان.
کارنامەی حکوومەتەکەی محەممەد شییاع سوودانی لە دوو تەوەر پێکدێت، تەوەری جێبەجێکردن و تەوەری یاسادانان لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون، لە خاڵی ١٣ـی بەشی یەکەم واتە تەوەری جێبەجێکردندا ھاتووە، سەرجەم حزبە سیاسییە کوردستانییەکان و ئەوانی دیکەش مافی سیاسی و دەستوورییان ھەیە لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و دیالە و سەڵاحەدین کاربکەن، دەبێت بارەگای حزبەکان کە ئەوانی دیکەی تێیدایە چۆڵ بکرێن.
لە ڕۆژی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان کەرکووک و دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد، پارتی لە کەرکووک کشایەوە و بارەگاکانی چۆڵکرد.
د. ئازاد موسا، شارەزایی دەستووری، دەڵێت: بڕیاری دادگە بڕیارێکی زۆر خراپ بوو و لە جێگەی خۆیدا نەبوو، بەپێی ماددەی ٢١ و ٣٦ ی یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراق، ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠١٥ حزب مافی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنەکان و ژیانی سیاسی ھەیە و دەتوانێت بارەگای لە ھەموو شارێکی عێراق ھەبێت، وێرای ئەوەی جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ و پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان تا ئەم ڕۆژگارەش گرنگ و بایەخێکی تایبەت بە مافی ئازادی ڕادەربڕینی داوە، بۆیە ڕێگە گرتن لە پارتێکی سیاسی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کردنەوەی بارەگاکانیان لە پارێزگای کەرکووک کە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵک لە سەرانسەری عێراق دەکات پێچەوانەی دەستوور و یاساکانی عێراق و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق ١٠٠% سیاسییە و ھیچ مورکێکی یاسایی پێوە نییە، پارتی ھاوشێوەی حزبەکانی تر مافی ئەنجامدانی کاری سیاسی ھەیە، بۆیە ئەگەر پارتی مافی ئەوەی نەبێت لە کەرکووک بارەگەی ھەبێت کە خاوەنی زۆرترین جەماوەرە، ئەوە حزبەکانی تریش مافی بوونی بارەگەیان نییە، بۆیە بڕیارەکە بە میزاجی سیاسی و مەزەوی بۆ بەرژەوەندیی حەشدی شەعبی دەرچووە و دەتوانرێت جێبەجێ نەکرێت.
د. ئازاد موسا، شارەزایی دەستووری، ئەوەشی گوت: ھەر کاتێک دادگە بڕیارێکی دابێت کێشەکانی زیاتر کردووە و گرژی لەناو وڵات دروست بووە، ئەمە لە کاتێکدایە دادگە دەبێت بێلایەن بێت و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، بەڵام ھەر کاتێک کێشەیەک دروست دەبێت، بەتایبەتی لە نێوان ھەولێر و بەغدا، دادگە لە بەرژەوەندیی بەغدا بڕیار دەدات، ئەوەش بەو مانایە دێت کە دادگە سەربەخۆ نییە، چونکە ئەگەر دادگە سەربەخۆ بێت عێراق زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری کە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە پێشێلی کردووە و جێبەجێ ناکات، بۆ لەسەر ئەو ماددانە کۆنابێتەوە بڕیار بدات.
سەروان زراری، پارێزەر، ڕایگەیاند: دادگەی فیدراڵی دوایین وێستگەیە ئەگەر گرفتێک ھەبێت لە بابەتێکی دەستووری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکان یاخود ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە فیدراڵییەکان دروست ببێت ئەوان بتوانن یەکلاکەرەوە بن و لە بوونی نادادپەروەرییەکدا ئەوان بتوانن نادادپەروەرییەکە ڕاست بکەنەوە، بەڵام بەداخەوە پێکھاتەی دادگەی فیدراڵی عێراقی دەتوانم بڵێم بێلایەن نین و بەشی زۆرینەی کاریگەری سیاسییان لەسەرە لە دەرەوەی دادگە و لە دەرەوەی دامەزراوە دادپەروەرییەکان بڕیار لەسەر دادگە دەدرێت، بۆیە دادگەی فیدراڵی عێراق بێلایەنیی لە دەست داوە و زۆربەی بڕیارەکانی سیاسین، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو دادگەیە بێلایەنیی لە دەست داوە و نەیتوانیوە سەربەخۆیی خۆیی بپارێزێت.
ئەو پارێزەرە، زیاتر گوتی: دادگەی فیدراڵیی بە گوێرەی دەستوور دانەمەزراوە، بەڵکو بە بڕیارێکی کارگێڕیی حکوومەتەکەی ئەیاد عەللاوی دامەزراوە، بۆیە ئەو دەستەڵاتەی نییە بڕیارلەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان بدات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حزب و لایەنەکان دەتوانن پابەندی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نەبن، چونکە زۆربەی بڕیارەکانی ئەو دادگەیە لە بەرژەوەندیی بەرپرسانی عێراق دەردەکرێن و سیاسین.
شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: دادگەی فیدراڵی بەپێی یاسا و دەستوور کار ناکات و زیاتر بڕیارەکانی سیمایەکی سیاسییان ھەیە، کامە دۆسیە دژی کورد بێت کاری لەسەر دەکەن، لەبەرئەوەی بەغدا پابەندی یاسا و دەستوور نییە، بە پێویستی دەزانم کورد بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەکار بێنێت.
وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، ھیچ پێوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە و ئەو بڕیارەیان داوە تا یەکلا دەکرێتەوە، لە ڕووی یاساییەوە پێی دەگوترێت بڕیاری وەلائی، بۆیە دادگە کاتێک بەپەلە ئەو بڕیارە بدات دەکەوێتە چوارچێوەیەکی سیاسی و سیمایەکی سیاسی دەریدەخات بەغدا یاسا و دەستوور تەنیا دژی کورد بەکار دێنێت، پێویستە کورد دەست بە فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بکات، بۆ ئەوەی چیتر نەتوانن دژایەتیی کورد بکەن و مافەکانی کورد پێشێل بکەن، چونکە دادگەی فیدراڵی گەورەترین دەستەڵاتە لە عێراق و ئەوانیش لەسەر دۆسیەکانی کورد کار ناکەن، تەنیا ئەوانەی لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە کاری لەسەر دەکەن.