دادگەی باڵای فیدراڵی ئەم جارە پێڕانەگەیشت بەرگی یاساییش لەبەر بڕیارەکەی بکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ڕابردوودا کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە کە بەشێکی بەرچاو لەو بڕیارانە دژی قەوارە و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بوون و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان پێشتر چەند جارێک هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر دادگەکە ڕاگەیاندبوو و بڕیارەکانیان ڕەت کردووەتەوە.

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە بڕیارێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ئاب دەری کرد، ژمارەی پێوانەیی لە خێرا دەرکردنی بڕیار تۆمار کرد. ئەو ڕۆژە لەبارەی کردنەوەی بارەگای پارتی لە کەرکووک داوایەک ئاراستەی دادگەی فیدراڵی کرا و سەیر لەوەدایە هەمان ڕۆژ دادگە سكاڵاكەی بینی و بڕیاری دا كردنەوەی بارەگای پارتی ڕابگیرێت، تا ئەو كاتەی سكاڵاكە یەكلا دەبێتەوە، ئەوەش یەكەم جارە لە مێژوودا سكاڵا بكرێت و بڕیاریش بدرێت.
سەیر لەوەدایە ئەم جارە دادگەکە فریای ئەوە نەکەوت بەرگێکی یاسایی لەبەر بڕیارەکەی بکات و سیاسیبوونەکەی ئەوەندە زەق بوو لای زۆرینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بووە مایەی سەرسوڕمان و هەر دوای بڕیارەکە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕیارەکەی بە گاڵتەجاڕیی هەژمار کرد.
هەڵوێستی لایەنگیرانەی دادگەی باڵای فیدراڵی و سیاسیبوونی ئەو دامەزراوەیە کاتێک ئاشکرا بوو کە لە ساڵی ٢٠١٧ دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بڕیاری هەڵوەشادنەوەی دەرەنجامەکانی ڕیفراندۆمی دا و هەر ئەو کات زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و یاسایی بە هەنگاوێکی هەڵەیان لەقەڵەم دا. ئەوکات دکتور مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری ناسراو باسی لەوە کرد کە بڕیارەکەی دادگە سیاسییە چونکە هیچ بڕگەیەک لە دەستووردا نییە ڕێگریی لە ریفراندۆم بکات. ئەگەر دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ پرسی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ هاتبایە سەر خەت و هەر زوو مشووری ئەم کێشەیەی خواردبا لەوانەیە کورد ناچار نەببا یەکلایەنە ڕیفراندۆم بکات.
لە ساڵەکانی دواتریش دادگەی باڵای فیدراڵی ڕۆڵی زۆر خراپی لەو بڕیارانەی پەیوەندیدار بە نەوت و گاز و چەند پرسێکی تری وەک ڕەتکردنەوەی هەندێک کاندیدی سەرۆک کۆماری بینیوە.
بەپێی دەقەکانی دەستوور دەبوایە دادگەی فیدراڵی لەسەر قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووەکان و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە کاتی ڕژێمی پێشوو بڕیاری دەرکردبا و لە نوێترین کێشەشدا لە پرسی دواکەوتنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی هەبوایە کەچی بێدەنگ بووە. ناکرێ قووتی سەدان هەزار کەس ببڕێ و هەرێمێک بخرێتە قەیرانی دارایی بەڵام دادگەیش بێدەنگ بێت.
لە ساڵی ٢٠١٧ حکوومەتی ناوەندیی عێراق دژی هەرێمی کوردستان لەشکری بەکار هێنا، لە کاتێکدا دەستوور ڕێ بە بەکارهێنانی سوپا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان نادات، ئەو دادگەیە هیچ کاتێک هەڵوێستی نەبوو و چاوی لەو پێشێلکارییانەش نووقاند کە بەرانبەر بە خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ئەنجام درا و تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دووبارە کرانەوە.
لە دەستووردا بە ئاشکرا باس لەوە کراوە کە نابێت هیچ میلیشیایەک لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە یاساییەکانی عێراق دروست بێت، بەڵام میلیشیاکان تەواوی وڵاتیان تەنیوە و پارە و داهاتی عێراقیان دەرخوارد دەدرێت و بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی وڵات و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکوومەت، ئەگەر دادگەی باڵای فیدراڵی بە ڕۆڵی خۆی هەستابا ئەو هەمووە گرووپە سەریان هەڵنەدەدا.
لە ڕووداوەکەی کەرکووک کە چوار کەس بە فیشەکی ڕاستەوخۆی میلیشیاکان شەهید بوون دادگە دەنگی لێوەنەهات و بەر لەویش خەڵکێک بە یارمەتیی میلیشیاکان بۆ ماوەی یەک هەفتە هاتوچۆی نێوان دوو پارێزگایان داخست بەڵام دیسان دادگەکە دەنگی نەبوو، کەچی ڕۆژی یەکشەم بۆ پرسی کردنەوەی بارەگایەکی حزبی کە فڕی بە دادگەوە نییە بەدەنگ هات.
دادگەی باڵای فیدراڵی لە ڕاستیدا یەکێک لە ئەرکەکانی ئەوەیە کاتێک ناکۆکییەک لە نێوان حکوومەتی ناوەند و هەرێمەکان دێتە کایەوە دەستوەردان دەکات و بڕیار دەدات بەڵام لە پرسی بارەگاکەی کەرکووک هیچ ناکۆکییەک نەبووە و حکوومەتی عێراق خۆی ڕەزامەندی دەربڕیبوو بارەگاکە بکرێتەوە بەڵام خەڵکێک بە پاڵپشتیی میلیشیاکان ڕێیان لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە گرتبوو.
کۆی ئەو ڕووداوانە دەیسەلمێنێت دادگەی باڵای فیدراڵی، وەک پێشتریش سەرۆک بارزانی هەڵوێستی لەسەری هەبووە هەمان دادگەکەی سەورەی سەردەمی بەعسە و ناکرێ کورد هیچ چاوەڕوانییەکی لەو دادگەیە هەبێت بڕیارێکی خێری بۆ بدات.