مامۆستایەكی زانكۆی سۆران: پێویستە حكوومەتی ناوەندی هاوشێوەی هاووڵاتی عێراقی، مافە داراییەكانیان بدات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

مامۆستایەكی زانكۆی سۆران سەبارەت بە بەشێك لە لایەنە كوردیەكان دژایەتی حكوومەتی هەرێم دەكەن دەڵێت: ئەوەی جێگەی تێبینییە بەشێك لە لایەنە كوردییەكان بە ئەرێنی پشتی حكوومەتی عێراقیان دەگرت، گوایە هەموو شت باش دەبێت و مووچەی مووچەخۆران لە وادەی خۆی دەدرێت و بودجەی هەرێم بەتەواوی دێت، دەبێت وەڵامیان چی بێت بۆ ئەم خەڵكە.

د. سانع شەریف، مامۆستای زانكۆ لە فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەكان و بەڕێوەبردن، بە “هەولێر”ـی راگەیاند: “بەشێك لە لایەنە كوردیەكان دژایەتیی حكوومەتی هەرێم دەكەن و هاودەنگن لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی، ئەمەش كاریگەرییەکی نەرێنیی هەبووە لەسەر نەناردنی شایستە داراییەكان و ماف و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان”.
ئەو مامۆستایەی زانكۆی سۆران دەڵێت: “دوای ئەوەی رێكەوتنیك لەبارەی پرسی نەوت لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق واژوو كرا، هەروەها یاسای بودجەی عێراق پەسەند كرا، بەڵام بۆ چوار مانگ دەبێت كە حكوومەتی ناوەند پابەندییەكانی بە پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێم وەك لە یاسای بوددجەی عێراق و رێكەوتننامە سیاسیەكاندا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ئێستای عێراق جێبەجێ نەكردووە”.
ئەوەشی خستۆتە ڕوو: ”ئەوەی جێگەی تێبینییە بەشێك لەلایەنە كوردییەكان بە ئەرێنییەوە پاڵپشتی حكوومەتی عێراقیان دەكرد، گوایە هەموو شت باش دەبێت و مووچەی مووچەخۆران لە وادەی خۆی دێت و بودجەی هەرێم بە تەواوی دێت، دەبێت وەڵامیان چی بێت بۆ ئەم خەڵكە، ئەوە بۆ مانگی نۆش دەڕۆین حكوومەتی عێراق تەنها سێ جار بڕە پارەیەكی ناردووە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دوای ڕێكەوتنەكە و جێبەجێكردنی یاسای بودجە، خۆی لەم پاندییە یاساییەكان دەدزێتەوە و ئەوەی ناردوویشیەتی بە قەرز بووە، تەنانەت سووتەمەنی و گازیش وەك پێویست نانێرێت كە بووەتە هۆی گرانبوونی”.
ئەم مامۆستایە گوتیشی: ” لە كاتێكدا پێویستە حكوومەتی عێراق كێشەیەكی وەكو مووچە تێكەڵ بە پرسە سیاسییەكان نەكات و هاوشێوەی هاووڵاتی عێراقی بەپێی ماددەی ١٤ دەستوور، لەسەر بنەمای یەكسانی مافە داراییەكانیان بدات. زیاتر لەمەش بیانووی حكوومەتی عێراقیش دەستوری نین وەك داوای سەد لە سەدی داهاتی نانەوتییەكان دەكات، چونكە بەپێی ماددەی ١٢١ برگەی دووەم و سێیەم مافی حكوومەتی هەرێمە بەشێك لەداهاتەكان بۆ خۆی بەكار بهێنێت”.
ئەو مامۆستایەی لە بەشێكی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەشدا: ” ئەوەی روونە بەشێك لەلایەنە كوردیەكان هاودەنگن لەگەڵ ئەم ئاراستە سێبەرەی سەر حكومەتی ناوەندی، ئەمەش كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم كە من پێم وایە هەڵەیەكی گەورەیە دەیكەن، پێویستە پاڵپشت و هاوكاری حكومەتی هەرێم بن نەك بە پێچەوانەی كار بكەن.