ئاسایشی هه‌ولێر ئاگاداری هاووڵاتییان ده‌كاته‌وه‌: له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان متمانه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌ خه‌ڵكێك نه‌كه‌ن

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 4ـی ئه‌یلوولی 2023) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاگادارییه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ئه‌وه‌ی به‌بیرهێنانه‌وه‌ته‌وه‌، كه‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە بەشێك لە ژیان و پەیوەندییەكانی رۆژانەی خەڵك، بەهۆی زۆری و جۆراوجۆرییان، تاڕادەیەك ئەستەمە مرۆڤەكان خۆیان لە بەكارهێنانی لا بدەن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، تۆڕە كۆمەڵایەتییه‌كان، لایەنی سوودبەخشیان زۆرە، بەڵام هەندێك جاریش لەلایەن كەسانی خراپەکار و تاوانبارەوە، بۆ كاری خراپ و كردەوەی نایاسایی بەكار دەهێندرێن.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ده‌ڵێت: “داوا لە هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین، لە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، متمانە بە هەموو جۆرە خەڵكێك نەكەن و نهێنییەكانی خۆیان و وێنە و وردەكاریی ژیانی تایبەتی خۆیان بە خەڵكێك نەدەن كە دواتر لە دژی خۆیان و وەك چەكێك ئەو نهێنییانە بەكار بهێنن.”

هه‌روه‌ها بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوایەكی تایبەت لە دایكان و باوكان دەكات، رۆڵەكانیان هۆشیار بكەنەوە و ئاگاداری كوڕ و كچەكانیان بن و رێگە نەدەن پەیوەندییەكانیان لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بگاتە ئاستێك كە نهێنیی تایبەتی و وێنە و تۆماری ڤیدیۆییان بگاتە دەست كەسانێكی خراپەکار و دواتر بەو نهێنییانەوە بۆ كاری هەڵە و نایاسایی ناچار بكرێن.

‎هاوكات بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر روونكردنه‌وه‌ی زیاتری داوه‌ و دووباره‌ داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كات ئاگاداری پەیوەندیەکانیان بن لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کاتێک کە پەیوەندی لەگەڵ کەسێک دەبەستن و نازانن ئه‌و كه‌سه‌ کێیە و چۆن پەیوەندی پێوە کردوون. به‌ پێویستیشی ده‌زانێت هاووڵاتییان متمانه‌یان پێ نه‌كه‌ن و هیچ زانیارییەکی کەسی و تایبەتی خۆیانی بۆ نه‌نێرن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ قوربانی تۆڕەکانی پەیوەندی.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كات لە کاتی بوونی هەر هەڕەشەیەک یان ناچارکردنێك بە کارێکی خراپە لەلایەن ئەو کەسانەوە کە ئەو جۆره‌ تاوانە ئەنجام دەدەن، راستەوخۆ پەیوەندی بەهێزەکانی ئاسایش یان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوه‌ بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر به‌ پێویستی ده‌زانێت هاووڵاتیان هۆشیار بن و له‌ كاتی پێویستدا په‌یوه‌ندی به‌ هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر (066106) بكه‌ن و فایل و ڤیدیۆ و زانیارییه‌كانیشیان له‌ رێگه‌ی ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی (07502522728) بۆ ڤایبه‌ر و واتسئاپ بنێرن.