پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکات

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگه‌یاند “لە ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێکەوتى 5ی ئەیلوولی 2023 وێبسایتی (www.regayzanko.com)بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی)، تا ڕۆژى 12ی ئەیلوولی 2023، واتە بۆ ماوەى 8 ڕۆژ کارا دەبێت، به‌مه‌ش ده‌رچووان لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچووان ده‌بێت سەردانی قوتابخانه‌كانی خۆیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).

ڕاشیگه‌یاند: بۆ به‌رچاوڕوونی زیاترى ده‌رچووانی پۆلی 12‌ و ئاشنابوونیان به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com)  بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به ‌سیستمه‌ جیاوازه‌كانییەوە، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەرچووان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن، ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنیا بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لە کاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى 12 لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.

سەبارەت بە دەرچوووانی ئامادەیى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانیش، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگه‌یاند: دواى دوو ڕۆژى تر سیستمى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەبێت، هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایدەگەیەنێت دەرچووانى ساڵانى (2015) تا (2022) ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەشکردنیان هەیە بۆ سیستەمەکانی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەوا بە هەمان ئەو پاسۆرد و یوزەرنەیمانەى کە پێشتر وەریان گرتووە دەتوانن فۆرم پێشکەش بکەن، ئەگەر هەر دەرچووەکیش یوزەرنەیم و پاسوۆردی لەلا نەماوە، ئەوا دەتوانێت سەردانی خوێندنگەکەی خۆی بکات بەمەبەستی دووبارە وەرگرتنەوەی.

سەبارەت بە دەرچووانی پێش ساڵی 2015 وه‌زاره‌تی جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەشکردنیان هەیە بۆ خوێندنی ئێواران، ئەوا پێویستە بڕوانامەکانییان بە پەسەندکراوی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکانییان بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە و هەر لەوێش یوزەرنەیم و پاسوۆردیان پێ دەدرێت.