بۆ پارێزگاریی ژینگەیی سوود لە کەرەستە پلاستیکییە ئەندامییەکان وەردەگیرێت

لە ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ژینگه‌یی بۆ دروستكردنی پێداویستییه‌ سه‌فه‌رییه‌كان له‌ پلاستیكی ئەندامی (ئۆرگانی)، ڕۆژى یەکشەممە، ڕێكه‌وتی  ٣ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، ئه‌ندازیار عه‌بدولره‌حمان سدیق، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ و سه‌رۆكی ڕێكخراوی ئاینده‌ بۆ پاراستنی ژینگه، پێشوازیی له‌ شاندێكی خاوه‌ن ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ژینگه‌یی كرد، كه‌ كار بۆ دروستكردنی پێداویستییه‌ سه‌فه‌رییه‌كان له‌ پلاستیكی ئۆرگانی دەکات، كه‌ له‌ زووترین كاتدا شی ده‌بێته‌وه‌ و کاریگەریی درێژمەودا لەسەر ژینگە دروست ناکات؛ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌نیازن كارگه‌یه‌ك له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ده‌ هه‌زار مه‌تر دووجا دابمه‌زرێنن.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ وێڕای ده‌ستخۆشی، ئاماده‌یی ده‌ربڕی بۆ پشتگیریی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی ژینگه‌دۆست كه‌ ببێته‌ جێگره‌وه‌ بۆ پلاستیك و كێشه‌ی نایلۆنی زیانبه‌خش به‌ ژینگه‌ و مرۆڤ سووکتر بکات.