پێشەوا هەورامانی: حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردن دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرسەکانی مووچە و بودجە رایگەیاند، حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردن دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند، ئەمەی ئێمە لە حکومەتی عێراقی دەیبینین لە حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردنە و تێکەڵکردنی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ پرسە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی مووچە و بودجە خستەڕوو.

پێشەوا هەورامانی لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم دانووستانیەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوام هەوڵیداوە حکومەتی عێراقی پابەند بێت بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویەتی، گوتیشی: ئەوەی پابەند نەبووە بە رێککەوتنەکان، حکومەتی عێراقییە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، دوای ئەو هەموو گفتوگۆیانە، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەمەش لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 940 ملیار دینارە و ئەوەی حکومەتی عێراق دەینێرێت بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە لەگەڵ وەزیری دارایی بۆئەوەی لەو پارەیەیی دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەولەویەت بۆ مووچە بێت و رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار دەدات.

وەک پێشەوا هەورامانی ئاماژەی پێدا، ئەو عەقڵیەتەی لە پەلکانە و ناوچەکانی دیکە زەویەکانی هەرێمی کوردستان داگیر دەکات و بڕیارەکانی بەناوی دادگاوە لەدژی هەرێمی کوردستان دەردەکات و لە کەرکووک گەنجی کورد شەهید دەکات، هەمان ئەو عەقڵیەتە کۆنەیە کە بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان هەبووە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ئامادەین بۆ هەموو دانووستانێک، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیەتێکی پاک و بە ئارامی و پشوو درێژییەوە دەچێتە دانووستانەکان، بەڵام نازانین ئەم ئارامی و پشوو درێژییە تا کەی بەردەوام دەبێت