دژوار فایەق: پشێوییەکانی کەرکووک ترسە لە سەرکەوتنی کورد لە ھەڵبژاردندا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماددەی ١٤٠، لەم دیدارەدا دەڵێت: ھەر کاتێک باسی ھەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت ئاژاوە دروستدەکرێت، چونکە لە سەرکەوتنی کورد لە ھەڵبژاردن دەترسن. دەشڵێت: ھۆی کێشەکانی کەرکووک جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ـە، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە ھەنگاوی زۆر باش نراوە، قەرەبووکردنەوە دەستی پێکردووە و سەد ملیار دیناری بۆ تەرخان کرابوو، بەڵام بە ھەوڵی ئێمە و نوێنەرانی کورد، بە تایبەت جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەد ملیاری دیکە زیاد کرا.

ڕۆژی شەممە ھاووڵاتییانی کوردی شاری کەرکووک خۆپیشاندانێکی خۆرسکانەیان کرد دژ بە ڕەفتار و دژایەتییەکانی ئەو گرووپانەی چەند ڕۆژێکە ڕێگەی کەرکووک-ھەولێریان داخست بوو و خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند، ماوەی پێنج ڕۆژە سووکایەتی بە پیرۆزییەکانیان دەکرێت و بەھۆی داخستنی ئەو ڕێگەیەوە کار و کەسابەتیان وەستاوە.
خۆپیشاندەرانی کەرکووک دووپاتیانکردەوە، مەبەستی ئەوانەی لەبەردەم باڵەخانەی داگیرکراوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک کۆبوونەتەوە و دروشم دژی کورد دەڵێنەوە و ئاڵای کوردستان لەسەر ئۆتۆمبێلەکان دادەگرن، ئامانجیان داگیرکردن و دەرکردنی ھەموو کوردە ھاوشێوەی ئەوەی ڕژێمی پێشوو لە شارەکە دەیکرد، بەڵام لەژێر بیانووی ئەوەی دژایەتیی گەڕانەوەی پارتی دەکەن لە کاتێکدا تەنیا پارتییە بەرگری لە کوردەکانی شارەکە دەکات.
دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماددەی ١٤٠، ڕایگەیاند: ئەوانەی دەستیان ھەبوو لە تێکدانی دۆخی کەرکووک ئەوان گێرەشێوێنن، بۆیە ئەوەی لە کەرکووک ڕوودەدات فیتنە و ئاژاوەیە تەنانەت دژی حکوومەتەکەی سوودانییە، دژی دەستوور و یاسا و ئەو ڕێککەوتنانەیە کە کراون، پارتی و بارزانی ھەمیشە لایەنی خێر و ڕێککەوتن بوونە، ھەمیشە بەشێک بوونە لە چارە بۆ خەڵکی کەرکووک.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماددەی ١٤٠، دەشڵێ: کەرکووک کوردستانییە و بە کوردستانیش دەمێنێتەوە، کورد لە کەرکووک ژمارە یەکە، ھەر کاتێک باسی ھەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت ئاژاوە دروست دەکرێت، چونکە لە سەرکەوتنی کورد لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەترسن، دەزانن کورد زۆرینەی دەنگەکان دەھێنێت و یەکەم دەبێت، بۆیە ھەمیشە لە ڕێگەی ئەم پشێوییە ھەوڵدەدەن ڕێگری بکەن.
دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماددەی ١٤٠، ئاشکراشی کرد: ئەوانەی فیتنە و دووبەرەکی لە کەرکووک دەنێنەوە، نوێنەرایەتی خەڵکی تورکمان و عەرەبی کەرکووک ناکەن، ئەوانە خەڵکانێکن ڕەنگە دەستی دەرەکییان لە پشت بێت، کورد لە کەرکووک دەیەوێت ئەو میلیشیانە نەمێنن، ئەو خەڵکەی ھێنراوەتە شارەکە لەوێ نەمێنن، چونکە ئەو ئامانجەی ئەوان لە پێناوی ھاتوون ھیچ پەیوەندی بە خەڵکی کەرکووکەوە نییە، ئەوان ڕێگری لە گەڕانەوەی حزبێکی ڕەسەن دەکەن، کە ئەو حزبە بە درێژایی تەمەنی خۆی دژی دیکتاتۆریەت بووە و شەھیدی داوە، شۆڕشی کردووە، پارتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکی گێڕا لە نەمانی ڕژێمی بەعس.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماددەی ١٤٠، زیاتر دەڵێ: دەبێت کورد یەکڕیز بێت، وەڵامی شەقامی کوردی بداتەوە، ئەوە داواکاری یەکەمە و داواکاری منیشە، ئەوەی دیکە دەبێت سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرپرسانی حەشدی شەعبی، بە پەلە ئەو فیتنەیە ڕابگرن، چونکە کەس ناتوانێت ڕێگری بکات لە ڕق و کینە و پیرۆزی ئەو خەڵکەی کە زوڵمی لێ دەکرێت.
لە ماددەی ٥٨ـدا ھاتووە باسی ئاسایی کردنەوەی ماددەی ١٤٠ دەکات، خەڵک بگەڕێتەوە، خاڵی دووەم قەرەبوو کردنەوەیە، خاڵی سێیەم ڕەخساندنی دەرفەتی کارە، خاڵی چوارەم بەخشینی زەویە بەوانەی دەگەڕێنەوە. دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماددەی ١٤٠، ئاشکرای کرد: ھۆی ئەو بارودۆخی ئێستە لە کەرکووک ھاتۆتە پێشەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە و دەبێت ھەر چی زووە ماددەکە جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە بە خواستەکانی خۆیان بگەن.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماددەی ١٤٠، ڕوونیشیکردەوە: بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ چەند ھەنگاوێکی باش نراوە، خەڵک قەرەبوو دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستە چوار کۆبوونەوەی زۆر باشمان کردووە، ڕاسپاردە و بڕیاری گرنگمان لەو کۆبوونەوانەدا داوە و ڕاسپاردە بۆ حکوومەت نێردراوە لەکاتی خۆی بڕیار ھەبوو لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لیژنەی شئونی شیمالی مونحەل، ئەو بڕیارانە ھەڵوەشێتەوە کە زەوی جووتیارانی کورد دراوەتە ھەندێک خەڵک و وەزارەت، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت کاتی خۆی سێ لیژنەی بۆ پێکھاتووە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، ئەمجارە لیژنە پێکھاتووە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و زەوی بۆ خاوەنەکانیان بگەرێتەوە کە زۆربەی ھی کوردەکان و بەشێکیش ھی تورکمانەکانە و زیاتر لە نۆسەد ھەزار پارچە زەوییە، ڕاسپاردەیەکی دیکەیشمان ناردبوو، کاتی خۆی پڕۆژە یاسایەک نێردرابوو بۆ پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی قیادەی ئەنجوومەنی شۆڕەش و حکوومەت وەڵامی داوەتەوە و بۆ پەرلەمانیان ناردووە ھەڵبوەشێتەوە. بەو بڕیارەش سێ سەد ھەزار پارچە زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێتەوە، جگە لەوەش چەند ڕاسپاردەیەکمان داوەتە حکوومەت و وەزارەتەکان، بۆ ئەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان لەسەر زەوییەکانی کورد و تورکمان کراون تازە نەکرێنەوە، ئەوەش ھەنگاوێکی باشە و داوامان لە وەزارەتی بەرگری عێراق کردووە سوپا دەست لە کاروباری زەوییەکانی کورد وەرنەدات، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک شتی دیکەی زۆر باش کراوە.
دەشڵێ: ئێستە قەرەبووکردنەوە دەستی پێکردووە و سەد ملیار دینار تەرخانکرابوو، بەڵام بە ھەوڵی ئێمە و نوێنەرانی کورد بەتایبەت جێگری سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا سەد ملیاری دیکەش زیاد کرا.
دژوار فایق، گوتیشی: ئەو پێشنیازەی منیش پەسەندکرا و بڕیاریاندا پەلەیشی لێ بکرێت، ئەویش لە قەرەبووکردنەوە لە جیاتی پارە دەکرێت پارچەیەک زەوی بە خەڵک بدرێت نرخەکەی لە دە ملیۆن دینار کەمتر نەبێت، یاخود پارە تەرخان بکرێت خەڵک زیاتر قەرەبوو بکرێتەوە و پێشنیازێکی دیکەم کرد، ئێمە چ ھەنگاوێکمان ناوە و چی ماوە ئەوانەش تەواو بکرێت و ئەو گۆڕانکارییانەی دیموگرافیا کراوە لەو ناوچانە لە دەستەڵاتی سەرۆککۆمارە ئەو کارە جێبەجێ بکات و چارە بکات، ئەگەر نەیتوانی داوا لە حاکمێکی بێلایەن بکات، ئەگەر نا داوا لە یوئێن بکات ھاوکارییان بکات.