پاڤین ڕەمەزان – هەولێر
دوای ئەوەی بڕیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق درا، پارتی دیموکراتی کوردستان، کە تاکە حزبی سیاسی بوو لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیر کردنی شاری کەرکووک هەڵوێستی وەرگرت و بارەگاکانی لێ سەندرایە.ە، وا بڕیار بوو ئەو پارتە بگەڕیتەوە شاری کەرکووک و دەست بە ئامادەکاریی بکات بۆ هەڵبژاردنەکە، بەڵام دەستێکی سیاسیی دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد و خۆپیشاندانی سیاسیی دژی گەڕانەوەی پارتی دەستی پێکرد و خۆپێشاندەران بۆماوەی ٥ ڕۆژ ڕێگەی سەرەکی هەولێر- کەرکووکیان داخست و بەمەش دانیشتووانی شارەکە توشی ناڕەحەتی بوون و بەو هۆیەوە کاسبکارانیش زیانمەند بوون، هەر بۆیە خۆپێشاندانێکی ناڕەزایی بۆ کردنەوەی ڕێگای کەرکووک- هەولێر بەڕێوەچوو، بەداخەوە تیایدا ٤ گەنجی کورد شەهید بوون و چەندانی دیکەش بریندار بوون
خۆپێشاندانە خۆڕسکەکەی ٢ی ئەیلوول
ئەوەی جێگای سەرنج بوو لە خۆپێشاندانی گەنجانی کورد لە کەرکووک، هیچ توندوتیژییەک بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان ڕووی نەدابوو، بە هەمان شێوەی ئەو خۆپێشاندەرانەی ماوەی ٥ ڕۆژە ڕێگای کەرکووک- هەولێریان داخستووە، ڕژانە سەر شەقامەکان و داواکاریی خۆیان دەگەیاندە بەرپرسانی شارەکە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە کوێرانە کەوتنە تەقە کردن و لە ئاکامدا ٤ هاووڵاتی شارەکە شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. دوابەدوای ئەوەش سەرۆک بارزانی هەر زوو پەیامێکی بڵاو کردەوە و هۆشداریی لەو خوێن ڕشتنە دا و ڕایگەیاند؛ ڕشتنی خوێنی کوردان لە کەرکووک باجەکەی قورس دەبێت. دواتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتە سەر خەت و بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆک بارزانی کرد و و بەڵێنی کردنەوەی ڕێگاکە و ئاسایی کردنەوەی دۆخەکەی دا.
هەڵمەتی ڕەشبگیری لە شارەکە
بەپیی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی هەولێر، دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەکە، هێزە ئەمنییەکان لە گەڕەکە کوردییەکان بڵاویان پێکراوە و بە ئاشکرا سووکایەتی و ئیستفزازیان بە هاووڵاتیان کردووە و ئێستاش کە ڕۆژێک بەسەر خۆپێشاندانەکەدا تێپەڕیووە ئەو هەڵمەتە بەردەوامە و نزیکەی ٤٠ هاووڵاتیی کوردیشیان بە تۆمەتی بەشداریی لە خۆپێشاندانەکە دەستگیر کردووە. ئەمە جگە لەوەی بازگەی کاتی لە گەڕەکە کوردییەکان دانراوە و ناهێڵن هاووڵاتیان ئازادانە هاوتچۆی خۆیان بکەن و ژیانی ئاسایی خۆیان بکەن. ئەمەش پێچەوانەی هەموو ئەو دەنگۆیانەیە کە ساڵانێکە لەبارەی کەرکووکەوە هەندێک لایەنی سیاسی باسی دەکەن، گوایە هێزی سەربازی لە شارەکەدا نەماوە و ئەوەی ماوەتەوە تەنیا هێزەکانی پۆلیس و بەشێک لە سوپای هاوبەشی عێراقە.
حکوومەتی سێبەری سەربازی لە کەرکووک
ئەوەی ئێستا لە کەرکووک دەگوزەرێ، ڕێک پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە بە فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی مەرکەزی لەسەر ڕێککەوتبوون پێشتر. بارودۆخەکە هەمان بارودۆخی شنگالە، کە ساڵانێکە ڕێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان هەردوو حکوومەت هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە، بەڵام هێزە نایاساییەکان لەوێش ڕێگرن لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە. بە بڕوای چاودێرێکی سیاسی، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە لە عێراق حکوومەتێکی کارتۆنی هەیە و لە بەرامبەردا حکوومەتێکی دیکەی سەربازی هەیە کە ئەجێندای کاریان یەک ناگرێتەوە و ئەو حکوومەتە سەربازیە کار بۆ ئەجێندای دەرەکی وڵاتان دەکات و ئامادە نییە پابەندی بڕیارە مەرکەزییەکانی حکوومەتی عێراق بێت. ئەو چاودێرە باس لەوەش دەکات، ئەمە نەک مەترسیدارە بۆ سەر پرۆسەی سیاسیی عێڕاق، بەڵکو ئارامی ناوچەکەش دەخاتە مەترسییەوە لە هەر ساتێکدابێت بەو پێیەی ڕێگایان خۆشکردووە بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی و دواجار بە زیانی حکوومەتی عێراق و سەرجەم پێکهاتەکانیشی کۆتایی دێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چاودێری دۆخی کەرکووک دەکات
دوابەدوای ڕووداوەکان، نووسینگهی ڕاگهیاندنی شاخهوان عهبدوڵڵا، جێگری دووەمی سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە شاخەوان عەبدوڵڵا “بهدواداچوون بۆ پهرهسهندنی روداوهكانی كهركووك دهكات و لهپهیوهندیدایه لهگهڵ سهرۆك وهزیران و ههندێك له لایهن و كهسایهتییهكان” .
جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق داوا له حكومهتی فیدراڵی دەکات، ڕێوشوێنی پێویستی بهپهله بگرێتهبهر و ئاسایش و سهروهری یاسا بهسهر ههموویاندا بسهپێنێت، لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و ژیانی سهرجهم پێكهاتهكانی كهركووك و ڕێگرتن له هەموو ئەوانەی هەوڵی تێکدانی ئاسایشی پارێزگاكه دهدهن.
شاخەوان عەبدوڵڵا بە پێویستیشی دەزانێت، لێپێچینهوه لهو هێزه ئهمنییانه بکرێت، کە تهقهیان له “خۆپیشاندهرانی ئاشتیخواز” كردووه، لەگەڵ کردنەوەی ڕێگەی نێوان كهركووك – ههولێر و گەڕاندنەوەی سهقامگیریی و ژیانی ئاسایی بۆ شارهكه.
شاخەوان عەبدوڵڵا نیگهرانی خۆی له بهرزبوونهوهی ژمارهی شههیدهكان بۆ چوار کەس و بهرزبونهوهی ژمارهی بریندارهكان دەردەبڕێت و دەڵێت، “نانەوەی ئاژاوە و دروستكردنی قهیرانەکان و داخستنی ڕێگاكان و زیان گهیاندن به بهرژهوهندی هاووڵاتییان، به دڵنیاییهوه ههڕهشهیه بۆ سهر ئاشتی كۆمهڵایهتی و ئاسایش و سهقامگیریی شارهكه تێك دهدات”.