نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ،ئەمرۆ یەك شەممە 3 ی ئەیلولی 2023 بڵاویكردەوە،دكتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنی روداوەكانی كەركوك دەكات و لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆك وەزیران و هەندێك لە لایەن و كەسایەتییەكان، جەختیش دەكاتەوە لەسەر ئەوەی نانەوەی پشێوی و دروستكردنی قەیرانەكان و داخستنی رێگاكان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی كۆمەڵایەتی .
هەروەها جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق , بە نیگەرانییەكی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنی روداوەكانی پارێزگای كەركوكی كردو لەكاتژمێرەكانی رابردوودا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لەلایەن و كەسایەتییەكان ئەنجامدا.
هاوكات نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە بەرزبونەوەی ژمارەی شەهیدەكان بۆ چوار لاوی كوردو بەرزبونەوەی ژمارەی بریندارەكان، بەهۆی كاریگەری تەقەكردنی هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیانەی رۆڵەكانی كەركوك، ئەوانەی داوای كردنەوەی رێگای كەركوك – هەولێریان كردبوو.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیشیكردەوە، كە نانەوەی ئاژاوەو دروستكردنی قەیرانەكان و داخستنی رێگاكان و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان، بە دڵنیاییەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیری شارەكە تێكدەدات.
هەروەها جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لەحكومەتی فیدڕاڵییش كرد، رێوشوێنی پێویستی بەپەلە بگرێتەبەرو ئاسایش و سەروەری یاسا بەسەر هەمویاندا بسەپێنێت، لەگەل پاراستنی ئاسایش و ژیانی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك و رێگرتن لە هەموو ئەوانەی هەوڵی تێكدانی ئاسایشی پارێزگاكە دەدەن.
بە پێویستیشی زانی، لێپێچینەوە لەو هێزە ئەمنییانە بكرێت، كە تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز كردووە، لەگەڵ كردنەوەی رێگای نێوان كەركوك –هەولێرو گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ژیانی ئاسایی بۆ شارەكە.