چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئومێد خۆشناو: ئاماده‌ین برینداره‌كانی كه‌ركووك وەربگرین

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماده‌ین بۆ وه‌رگرتنی برینداره‌كانی كه‌ركووك و چاره‌سه‌ركردنیان.

پارێزگاری هەولێر گوتی: هه‌ولێر ماڵی كه‌ركووكییه‌كانه و هه‌میشه‌ ده‌رگای كراوه ‌بووه‌ بۆ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كه‌ركووك،‌ به‌داخه‌وه‌ بۆ ده‌ستڕێژی و شه‌هیدكردنی كۆمه‌ڵێك گه‌نج و لاوی كورد و برینداركردنی ژمارەیەكی دیكە له ‌شاری كه‌ركووك.

ئومێد خۆشناو راشیگەیاند: ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی بریندارەكانی خۆپیشاندەرانی شاری كه‌ركووك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی شاری هه‌ولێر.

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەکرد، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك و بەتایبەت بەرامبەر بە گه‌نجان و لاوانی كه‌ركووك كراوە، جێگای نیگه‌رانیی قووڵی ئەوانە‌ و گوتیشی: هیوادارین چیتر خوێنی كه‌ركووكییه‌كان نه‌ڕێژرێت، ئێمە به‌ راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت، له هه‌ر شوێنێك ئەو بریندارانە پێویستیان بە چارەسەر بێت، ده‌رگامان بۆیان كراوه‌یه‌.

ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 05:00 ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندارن.

جگە لە شەهیدکردن و بریندارکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی کەرکووک، هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە، چوار رۆژنامەنووس و میدیاکاریان دەستبەسەر کرد و یەکێکی دیکەشیان بریندار کرد.