هەفتەی داهاتوو خشتەی کاری کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، خشتەی کار بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنێت و دەرگای تۆمارکردنی ناوی پارت و ھاوپەیمانێتییەکانیش ھەر لەو مانگەدا دەکاتەوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی شوباتی ساڵی داھاتووی وەک وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە. جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێ: ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەباشی بەڕێوەدەچن.

ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی ٢٠٢٣ درێژکردەوە، بەڵام ٣٠-٥-٢٠٢٣ دادگەی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و ھەر شتێک لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لە ڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە. بەوپێیەش بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشایەوە و دەبێت کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو ھەڵبژاردنە بکات.
دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ٣-٨-٢٠٢٣، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥-٢-٢٠٢٤ـی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، ئەوەش دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان.
لە دوایی مەرسوومەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کە ڕاستەوخۆ ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کرا، بڕیار لەسەر دەستپێکردنی ڕێککارەکانی سەرپەرشتیکردن و کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درا کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ ھەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و یازدە کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێک ھاتووە.
شێوازی ھەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە بە دەنگدانی نھێنی ڕاستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار دەکرێت و ھەر لیستێکی ھەڵبژاردنیش نابێت ڕێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە ٣٠% کەمتربێت و تەمەنی ڕێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ٢٥ ساڵە.
ڕۆژی یەک شەممە ١٣ـی ئابی ٢٠٢٣، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی لە ھەولێر، سلێمانی و دھۆک وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی تا ١٢ـی ئەم مانگە درێژکردەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: بڕیار بوو ئەمڕۆ ٣ی ئەیلوول خشتەی کاری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕابگەیەنرێت، بەڵام بەھۆی چلەی ئیمام حوسێن، بۆ دەی ئەم مانگە دوا خرا.
سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: قۆناغی کۆتایی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە دوو سەد ھەزار نوێکردنەوە و دواتر وردبینی دەکرێت، ھەر لەم مانگەدا کۆمیسیۆن دەرگای تۆمارکردنی ناوی پارت و ھاوپەیمانێتیەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە.
د. ھەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: حزبەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو بەش پۆلێن دەکرێن، بەشێکیان ئەوانەن کە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەلای ئێمەوە تۆمارکراون، بەشەکەی دیکەیان ئەوانەن کە لەلای ئێمە تۆمارنین. ئەوانەی لەلای ئێمە تۆمارکراون و وادەی بەستنی کۆنگرەیان بەسەرچووە، دەبێت ھەموویان کۆنگرە بکەن، چونکە بەپێی بڕیارە کارپێکراوەکانی ئێمە، نابێت ھیچ حزبێک کە لەلامان تۆمارکرابێت، کۆنگرەی نەبەستبێت یان بەسەرچووبێت.
بۆتان شێرکۆ، جێگری بەڕێوبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: پرۆسەی بایۆمەتری و دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە و بنکەکانیشمان کراوەن تەنانەت ڕۆژانی شەممە و ھەینیش دەواممان ھەیە تا وەکو بڕیاری ڕاگرتنی دێت، تا ئێستە ڕێژەیەکی باش تۆمارکراوە و لە قۆناغی تۆمار و گواستنەوە و ڕاستکردنەوە زیاتر لە پەنجا ھەزار کەسمان تۆمار کردووە.
بۆتان شێرکۆ، گوتیشی: ئامادەکاریەکانی ھەڵبژاردن بە قۆناغە، جارێ بایۆمەترییە، دواتر قۆناغی دیکەی بەدوادادێت و خول بۆ کارمەندانی خۆمان لەسەر چۆنیەتی بەکارھێنانی ئامێرەکان کراوەتەوە و بەردەوامین لە کردنەوەی ئەو خولانە، ئەوەیان بۆ کارمەندانی بنکەکانی تۆمارە، بۆ ئەوەی بزانن چۆن بەکاری دێنن و چۆن دەنگدان کۆتایی پێدێنن.
وەکو یەکەم لایەنی سیاسیی، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشاندا و پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ١٠٠ کاندیدی دەبێت و ٣٠%ی ئەو ژمارەیەش ئافرەت دەبن. کاوە گەردی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: پارتی ھەموو کاتێک بۆ ھەڵبژاردن ئامادە بووە، ھەڵبژاردن بەپێی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت بکرێت، ھەڵبژاردن بۆ حزب و لایەنێک نییە، بۆ ھەموو خەڵکە، بۆیە وەکو پارتی داوا دەکەین ھەڵبژاردن بە یاسای ئێستەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، کۆمیسیۆن مافی ھەیە ڕێکارەکان بەپێی یاسای ھەڵبژاردن لە عێراق دەربکات، بەڵام ناتوانێت خاڵە بنەماکانی ناو یاسای ھەڵبژاردنی کوردستان گۆڕانکاری تێدا بکات.
کارگێری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: دەبوایە مانگی ١١ـی ساڵی ٢٠٢٢ ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ھەرێمی کوردستان کرابایە، بەڵام ھەندێک حزب و لایەن لە کۆتایی مانگی سێی ھەمان ساڵ پڕۆژەیاسایان پێشکەش بە پەرلەمان کرد تاکو گۆڕانکاری لە یاسای ھەڵبژاردن و ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بکرێت، جیا لەوەش داوایانکرد بەغدا لە ڕێگەی بایۆمەتری و چوار بازنەیی ھەڵبژاردن بەڕێوەببات، ئەوەش وای کرد ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت و دوا بخرێت.