لە بەغدا هەمان عەقڵیەتی شۆڤێنیی کۆن بەرانبەر بە کورد زاڵە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە حکوومەتی عێراق یەکلایەنە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، دۆخێکی گرژ و ئاڵۆز لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زاڵ بووە و هەر چەندە ئەو پەیوەندییانە بەهۆی ڕووداوەکانی سەرهەڵدانی داعش، پرسی ڕیفراندۆم، سنووری مادەی ١٤٠ ، پرسی ئاوارەکان، نەوت و بودجە و چەند بابەتێکی تر بەردەوام لە هەوراز و نشێودا بووە بەڵام هیچ کاتێک هێندەی چەند مانگی ڕابردوو دەرفەت لە بەردەم حکوومەتی عێراقدا نەبووە تا سەرنجی کوردستان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت و دەست بە بنیاتنانی متمانە لە نێوان خەڵکی هەرێم و عێراق بکاتەوە.

لەو کاتەوە هەر یەک لە کابینەکانی حەیدەر عەبادی، عادل عەبدولمەهدی، مستەفا کازمی و نوێترینیان محەمەد شیاع سوودانی بە شێوازی تایبەتیی خۆیان هەوڵیان داوە پێوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاسایی بکەنەوە، هەرچەندە هەندێک لە سەرۆک وەزیرانەکان باشتر جووڵاونەتەوە بەڵام هیچ کامێکیان هێندەی سوودانی دەرفەتی ئەوەی لەبەردەستدا نەبووە عێراق لەسەر بنەمایەکی ڕاستەقینە دابمەزرێنێتەوە و هەرێمی کوردستان و عێراق و خەڵکی هەر دوو بەش لەگەڵ یەکتری و پاشان لەگەڵ سیستمە سیاسییەکە ئاشت بکاتەوە و متمانە بنیات بنێتەوە.
هەرچەندە هێشتا ساڵێک بەسەر دەسەڵاتی محەمەد شیاع سوودانیدا تێ نەپەڕیوە بەڵام زۆرترین و گەورەترین ڕێککەوتنەکان لە چاو کابینەکانی تر لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە سەردەمی ئەودا مۆر کراون. زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و پەرلەمانتار و تەنانەت هەندێک حزبیش پێشبینییان کردبوو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کێشە و کەموکورتی و گلەییانەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێن، خەڵکی کوردستان کە لەو هەوراز و نشێوی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ماندوو ببوون، ئومێدێکیان بۆ دروست ببوو ئەمجارە بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کێشەکانی پێوەندیدار بە مووچەیان بۆ چارە بکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆڵی لێ هەڵماڵی و بە جیددی لەگەڵ بەغدا کەوتە دانوستان. محەمەد شیاع سوودانی یەکێک بووە لەو کارەکتەرانەی کە دەیتوانی سیمایەکی متمانەپێکراو لە عێراق پێشان بدات ئەوەیش بە تایبەتی دوای ئەوەی پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر کۆنترۆڵی بەغدا.
سەرەڕای ئەوەی کە تا نووسینەوە و پەسندکردنی یاسای بودجە کۆمەڵێک ستەمی تر لە کورد کرا و بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی لە پرسی شایستە داراییەکان پێشێل کران بەڵام دیسان سەرۆک وەزیرانی عێراق بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پشکی بودجەی هەرێم هاوشێوەی هاووڵاتییانی تری عێراق دەیتوانی دەستکەوتێکی گەورە بۆ خۆی و لایەنەکانی شیعە و سیستمی سیاسیی عێراق دەستەبەر بکات و ئەو گومانە مێژووییە بڕەوێنێتەوە کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەرانبەر بەغدایان هەبووە.
پرسی مووچە و پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بە یاسا یەکلایی کراوەتەوە بەڵام بەغدا ئامادە نەبووە ئەو یاسایە جێبەجێ بکات و سەرەڕای چوونی پەیتاپەیتای شاندەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کەچی بەغدا بیانووی پێ گرتوون و بە دەستی بەتاڵ لە بەغداوە گەڕاونەتەوە کوردستان فەرمانبەرانی عێراق خەریکە مووچەی مانگی ٩ وەردەگرن بەڵام هێشتا مووچەی مانگی ٧ی کوردستان نەنێردراوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە عێراق بە درێژایی تەمەنی کابینەکانی هەمان عەقڵیەتی شۆڤێنیی کۆنی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان هەبووە و ئەو ویستە هەبووە کە هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و بە دڵی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، هەنگاوەکەی نووری مالیکی لە ٢٠١٤ و دوژمنکارییەکانی عەبادی لە ٢٠١٧ لووتکەی ئەو ناکۆکییانە بوون و هەموو ئەو ڕووداوانەش دەیسەلمێنن سیستمی فیدراڵی و دەستووری هەمیشەیی لە لایەن زۆرینەی شیعە لە دڵەوە پەسند نەکراوە و بۆیەش ئێستا پێچەوانەی ئەو دەستوورە دەجووڵێنەوە.
کاتێک یاسا بۆ هەر پرسێک داندرا ئیتر مشتومڕ هەڵناگرێ و دەبێ یاساکە جێبەجێ بکرێ بەڵام هەڵوێستەکانی حکوومەتی عێراق بەتایبەتی بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران سەلماندی عێراق لە جیاتی گەڕانەوە بۆ بەهاکانی دەستوور و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی، بەرەو بنەماکانی شۆڤێنییەت و پاوانخوازی و زاڵبوونی گرووپ و لایەنێک بەسەر گرووپ و لایەنەکانی تر هەنگاو دەنێت.
بە گریمانەی ئەوەی یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ کرابا و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بێ هیچ دڵەڕاوکێیەک مووچەی مانگانەیان لە کاتی دیاریکراودا وەرگرتبا و شایستە داراییەکانی کوردستان دابین کرابان، ڕوانگەی خەڵکیش بەرانبەر بە بەغدا دەگۆڕا و وەک چۆن بەم هەنگاوە حکوومەت جیاوازییان لە نێوان فەرمانبەری عێراقی و کوردستانی نەدەکرد، هاووڵاتییانی هەرێمیش هەستێکی باشتریان بەرانبەر بە حکوومەتی عێراق دەبوو و بەردەوامبوونی ئەو سیاسەتە دەیتوانی لە داهاتوودا ناسیۆنالیزمی عێراق پەرە پێ بدات.
کابینەکەی سوودانی نەک ئەو دەرفەتە زێڕینەی لەدەست دا بگرە زیانێکی یەکجار گەورەی بە عێراق گەیاند، خەڵکێکی کوردستان کە هیوایان بە بەغدا هەڵچنیبوو ئەو هیوایەیان لەدەست دا و ئێستا قەناعەتێکی قووڵیان بەوە هەیە کە هەمان سیاسەتی شۆڤێنییانەی سەردەمی بەعس بە ڕەنگی جیاواز لە دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. خەڵکی کوردستان دەستی خۆیان داغ کردووە و بە تەواوی لەوە تێگەیشتن کە ناکرێ فریوی دوو قسەی باق و بریقی بەغدا بخۆن و چارەنووسی خۆیان بە عێراق ببەستنەوە.