عێراق بڕگەکانی پەیوەست بە پشکی کوردستان لە یاسای بودجە جێبەجێ ناکات

شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەوە، تیمی حکوومەتی ناوەند کۆمەڵێک داواکاری نوێیان خستۆتە بەردەم شاندی ھەرێم، ئەوانیش ڕازی نەبوون بە داواکارییەکانیان، بۆیە بەبێ ڕێککەوتن گەڕانەوە ھەرێمی کوردستان. بەر لە گەڕانەوەیان بە نووسراوێک داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد پابەندی یاسای بودجە و ڕێککەوتنەکان بن و پشکی ھەرێمی کوردستان وەکو خۆی مانگانە ڕەوانە بکرێت. بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی، دەڵێت: عێراق ئەو گرفتانەی کە لەبەردەم ڕێککەوتن و یاسای بوجە دروستی دەکات دژ بە ھەرێمی کورستان سیاسییە نەوەک تەکنیکی.

شاندی ھەرێمی کوردستان داوا دەکات محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە گوێرەی ماددەی ١٣ـی بودجە بڕیار لەسەر ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بدات، کە بڕگەی حەوتەمی ماددەی ١٣ لە یاسای بودجە ڕێگە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدات لە بوونی ھەر ناکۆکییەک بڕیاری پێویست بدات و چارەی ناکۆکییەکان بکات و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندە بە دانەوەی ٥٠%ی باج و ڕسوماتی گومرگی بۆ گەنجینەی دەوڵەت، ئەوەش بە گوێرەی ماددەی ١١٠ـی دەستوور و ماددەی ٢٩ لە یاسای کارگێڕی دارایی ژمارەی ٦ـی ساڵی ٢٠١٩.
ئیسماعیل سەدیق، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: حکوومەتی عێراق دەبێت یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێ بکات، بەڵام بە مەبەست ھەر جارە و بیانوویەک دەدۆزێتەوە، کە ئامانجی سەرەکی حکوومەتی عێراق لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە، ھەر بەو ئامانجەش ھەموو نەوتی ھەرێمی کوردستان وەرناگرێت، ڕۆژبەڕۆژ فشار دەخاتە سەر ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: پێویست ناکات شاندی کوردستان چی دیکە بچێتەوە بەغدا و دانوستاندن لەسەر بودجە بکەن، چونکە بودجە بۆتە یاسا و ھەرێمی کوردستانیش پێوە پابەندە حکوومەتی عێراق بۆ جێبەجێ ناکات، دادگەی ئیتحادی چی دەکات بۆ بڕیار نادات؟
چیایی تەیمور، پەرلەمانتاری عێراق، دەڵێت: بەغدا داوای ڕادەستکردنی سەرجەم داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش پێچەوانەی یاسای بودجەیە و ھەندێک لایەنی سیاسی لە بەغدا دەیانەوێت ھەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە ئێستە نۆرەی عێراقە کە پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. لەگەڵ ئەوەی کاتی ئەوە ھاتووە وەفدێکی باڵا لە ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکات، ئەگەر لەدوای سەردانی ئەو وەفدە باڵایەش کێشەکان چارە نەبوون ئەوکات پێویستە ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستێکی دیکەی ھەبێت بەرامبەر بە عێراق.
کرمانج عیزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی لە باڵەکایەتی، گوتی: ئەو گرفتانەی حکوومەتی عێراق لەبەردەم ڕێککەوتن و یاسای بودجەی عێراق دروستی دەکات دژ بە ھەرێمی کورستان، سیاسیین نەک تەکنیکی، واتە کێشە سیاسییەکان تێکەڵ بە ژیان و قووتی خەڵکی کوردستان دەکەن.
بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی لە باڵەکایەتی، گوتیشی: ئەو عەقڵیەتەی ئێستە عێراق بەڕێوە دەبات دەیەوێت بە نەدانی بودجە و مووچە گەمارۆی ھەرێمی کوردستان بدات و لاوازی بکات، وردە وردە ھەنگاوی تریش بنێن و لەم ڕێگەیەوە ھەوڵ بدەن بە خەیاڵی خۆیان قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشێنەوە کە بەرھەمی خوێنی شەھیدان و خەبات و قوربانی خەڵکی کوردستانە.
کرمانج عیزەت، ئاماژەی بەوەشدا، عێراق دەوڵەتێکی دامەزراوەیی نییە، بۆیە نایەوێت چارەی کێشەکانی بکات، بەڵکو ئەو ئەقڵیەتەی ھەیە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەوڵییەتی حکوومەتی بەعس نییە.
بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی لە باڵەکایەتی، زیاتر دەڵێ: وەک دیارە ڕۆژبەڕۆژ کاربەدەستانی ئێستەی عێراق پیلانەکانیان دژ بە ھەرێمی کوردستان فراوانتر دەکەن و ھەوڵی لەناوبردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەدەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆیان ناچێتە سەر، ئەگەر ئەو بارودۆخە بەردەوام بێت چارەنووسی پرۆسەی سیاسی عێراق دەکەوێتە مەترسییەوە.