یەكێتیی پیاوانی كوردستان: لە سەرەتای ئەمساڵەوە شەش حاڵەتی كوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە تۆماركراوە

مەزهەر كەریم – سلێمانی

دەیان پیاو بە تۆمەتی بەكارهێنانی توندوتیژیی سكاڵایان لەسەر هاوسەرەكانیان تۆمار دەكەن؛ سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی پیاوانی كوردستانیش دەڵێت: لە 1/1ـەوە تا 1/6 شەش حاڵەتی كوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە تۆمار كراوە.

عەزیز پیاوێكە كە تەمەنی لە نێوان 35 بۆ 40 ساڵاندایە، بەهۆیی بەكارهێنانی توندوتیژییەوە سكاڵای لەسەر هاوسەرەکەی تۆمار کردووە لە یەكێك لە بنكەكانی پۆلیسی سلێمانیدا؛ ئێستا ڕووی كردۆتە بنكەی ڕێكخراوی یەكێتیی پیاوان تا ئازار و خەم و دەردەدڵی خۆیی بگێڕێتەوە كەچۆن ژنەكەی لێی داوە.
عەزیز لێدانەكانی جەستەیی لەلایەن ژنەكەیەوە زوو زوو نیشان دەدا و وتی: لە شاری سلێمانیدا نیشتەجێم؛ خێزانەكەم لە دەرەوە كار دەكات شان بە شانی خۆم؛ دوای چەند جارێك دەنگەدەنگ لەم ڕۆژانەدا هەركە ڕۆیشتمەوە بۆ ماڵەوە كاتێكم زانی پەلاماری دام و بە دار و نەعل بەر بۆتە جەستەم و پشت و قۆڵم بەهۆیی لێدانەوە شین بۆتەوە ئێستا ئازارێکی زۆری جەستەیی و دەروونیم هەیە.
وتیشی: لەبەرئەوەی خەڵكی بەكێشەمان نەزانێت لەبەر كەسایەتی خۆم هیچ كاردانەوەیەكم نەبوو؛ دوای ئەو كارەی ژنەكەم بەسەری هێنام جیا بوومەوە ناتوانم لەگەڵ ژنەكەم بژیم چونكە مەترسی ئەوەم هەیە شەوێك فرسەت بهێنێت و بمكوژێت.
عەزیز باس لەوەش دەكات كە دۆسیەكەی ئەو ئێستا لە دادگادایە و پەیوەندیی بە ڕێكخراوی یەكێتیی پیاوانەوە كردووە تا لەڕێگەیی پارێزەرە خۆبەخشەكانیانەوە بەشێوەیەكی یاسایی لە هاوسەرەكەی جیابێتەوە.
كەیسی عەزیز و ئازاردانی لەلایەن ژنەكەیەوە یەکێكە لەو دەیان كەیسەی لە ڕێكخراوی یەكێتیی پیاواندا تۆمار كراون.
برهان عەلی سكرتێكریی یەكێتیی پیاوانی كوردستان بە “هەولێر”ی ڕاگەیاند كە ئاماری لیژنەكانی ڕێكخراوەكەیان لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە 1/1 ەوە تا 1/6 سێ سەدوو سی و شەش جۆری سكاڵای توندوتیژی بەرامبەر پیاوان تۆماركردوەو شەش حاڵەتی كوشتنی پیاوانیش لەلایەن ژنانەوە بەهاوكاری كەسانی دیكە كراوە.
ناوبراو ئاماژەیی بەوەكرد كە لەڕێگەی ژمارە تەلەفونەكانیانەوە لەبەدالەوە و سەردانیكردنی پیاوانی سكاڵاكەر سكاڵاكان تۆمار دەكەن و دواتر بەدواداچون دەكەن بۆ كەیسەكان و تۆماردەكرێن لەلایان و بەدواداچوونی بۆ دەكەن.
ئەو وتی:كەیسەكانمان هەمە جۆرن زۆرترینیان كەیسی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونین لەلایەن ژنانەوە بەرامبەر هاوسەرەكانیان كراون، كە بەئاشكرا لێدان بەجەستەی پیاوانەوە دیار بوە كە توندوتیژیی جەستەییان بەرامبەر كراوە.
سكرتێریی ڕێكخراویی یەكێتی پیاوانی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد كە زۆرترین توندوتیژیی بەرامبەر پیاوان لە دوایی جیابونەوەیانە لەلایەن هاوسەرەكانیانەوەیە كە كەمترین كات ڕێگە بەبینینی ئەو پیاوانە دەدەن تا منداڵەكانیان ببینن كە لەدوایی جیابونەوەیان منداڵەكان لەلایەن دایكیانەوە بەخێودەكرێن.
ئەو وتی: ڕێكخراوەكانی ژنان زۆرینەیان حەز ناكەن و نایانەوێت ڕێكخراویی یەكێتی پیاوان هەبێت چونكە كۆمەڵگەی كوردیی بەكۆمەڵگایەكی پیاوسالار دەزانن و دورەپەرێزن لەگەڵمان هەرچەندە ڕێكخراوەكەمان لە هەموو شار و شاروچكەكانی هەرێمی كوردستان لقی هەیە.
وتیشی: لەلایەن هەموو حیزبەكانەوە بەبێ جیاوازی هاوكاری دەكرێن؛ حیزبەكان خەڵكانی خۆبەخشیان تێدایە و هاوكارمانن؛ یەكەمین رێكخراوین لە هەرێمی كوردستان داكۆكی لە مافی پیاوان دەكەین لە كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شانازیەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە پیاوان بەتەنها بەدەست توندوتیژیی ژنەكانیان و ڕەگەزی بەرامبەریانەوە ناناڵێنن بەڵكو سكاڵاشیان لە شێوەی مامەڵە و ژیانی ڕۆژانەیان تۆمار دەكەن.
ئاكۆ محەمەد كە لە ڕووی یاسایەوە سەرۆكایەتیی ئەو كەیسی توندوتیژیانە دەكات لەلایەن ژنانەوە بەرامبەر بە پیاوان دەكرێت ئاماژە بەوە دەكات كە ڕۆژانە پیاوان دەچنە لایان و دەردەدڵی ئەوە دەكەن ژنەكانیان خواردنیان بۆ ئامادە ناكەن خزمەتی پیاوەكانیان ناكەن و دەستبڵاوی وەك چەكێك لە دژی هاوسەرەكانیان بەكار دەهێنن؛ ئەو وتی: ئەم پیاوانە دەیانەوێت ئێمە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەكانیان بدۆزینەوە زۆربەیان داوامان لێ دەکەن رێنمایی بدەینە خێزانەكانیان.
وتیشی: پیاو هەیە شەو تەلەفونی بۆ كردووم دەڵێت كاتژمێر یانزەی شەوە ژنەكەم دەرگام لێ ناكاتەوە من بۆ خۆم چووم بۆ بەردەرگای ماڵی ئەو پیاو ژنە دەرگای لێ ناكەنەوە داوا و قسەم لەگەڵ ژنەكەی كردووە تا دەرگای لێ بكاتەوە قسەم لەگەڵ ژنەكە كردووە ئاخۆ كێشەیان چییە وا دەرگا لە پیاوەكەی ناكاتەوە؛ کە پرسیارم لێ كردوون ئەم پیاوە بە مەوعیدێك بۆ كارێك چووە بەڵام ژنەكەی دەرگای لێ ناكاتەوە ڕۆژانە وەك بەشی یاسایی چەندین كەیسی لەو شێوەیە دێتە لامان هەوڵ دەدەین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە و چارەسەریان بكەین.