ئەشواق جاف: ئەوەی لە بەغدا بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت پرۆسەی ئەنفالە بە جۆرێکی دیکە

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت، پرۆسەی ئەنفالە بە جۆرێکی دیکە و قبووڵ ناکرێت.

ئەشواق جاف، بە کوردستان24ی راگەیاند: “ئەوەی ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت لە بەغدا تەواوکەری پیلانەکانی ساڵی 2014یە کە قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕی، بەبێ ئەوەی هیچ ماددەیەکی دەستووریی و یاسای هەبێت، بەڵام نەیانتوانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناوبەرن، هەروەها ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر نەیانتوانی لە رێگەی سەربازییەوە بیکەن دەیانەوێت ئێستا بەجۆرێکی دیکە جێبەجێی بکەن”.

گوتیشی: “ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت بە شرۆڤە و لێکدانەوەی میزاجییە بۆ یاسای بودجە، بە راشکاوی ئەوەی دەکرێت لە بەغدا بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەغدا هێندە بەهێز نییە، بەڵام نەبوونی یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد و یەک بەرەیە بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان وایکردەوە، کە ئەوان هەوڵی ئەوەبدەن هەرچی بە خوێنی شەهیدان بەدەستمان هێناوە لێمان زەوت بکەن”.

ئەشواق جاف، جەختیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستووریی و یاسایی جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوەی دەکرێت بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە، هیچ کێشەیەکی هونەری لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نەماوە، ئەوەی هەیە کێشەی سیاسییە”.

دەشڵێت: “بەبڕوای من ئەوەی ئێستا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەمان پرۆسەی ئەنفالە بە جۆرێکی دیکە، لە رێگەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و زەوتکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانە، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت”.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، ئاماژەی بەوەشدا: “ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە هەمووی جێبەجێکردووە بۆ پابەندبوون بە دەستوور و یاسا لە چوارچێوەی عێراق، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین مافی خەڵکی کوردستان بدات”.

دەشڵێت: “نابێ چیتر خەڵکی کوردستان ببێتە قوربانی سیاسەتی هەڵەی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بێت”.