هاووڵاتییانی کورد دژی داخستنی رێگەی کەرکووک – هەولێر، خۆپیشاندان دەکەن

هاووڵاتییانی کورد لە شاری کەرکووک لە دژی داخستنی رێگەی کەرکووک – هەولێر لەلاین حەشدی شەعبییەوە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای کرانەوەی رێگەکە دەکەن.

دوای ئەوەی رۆژی (28ـی ئابی 2023)، لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگای کەرکووک – هەولێریان داخست و بوونەهۆی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان، هەروەها هه‌ردوو رێگه‌ی چوون و هاتنی نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووكیان داخستوو ‌و خێوه‌تیان هه‌ڵدا و ئاسته‌نگیان بۆ هاتووچۆی شۆفێرانیش دروستكرد، لەبەرامبەردا ئەمڕۆ شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، هاووڵاتییانی کورد بە تایبەت دانیشتووی گەڕەکەکانی شۆراو و رەحیماوە لە کەرکووک، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە داوای کرانەوەی رێگەکە دەکەن.

خۆپشاندەران دەڵێن، بەردەوامدەبین لە خۆپیشاندان و ئەو رێگەیە چۆڵ ناکەین تاکو چەکدارانی حەشدی شەعبی رێگەکە نەکەنەوە، هاوکات داوا دەکەن لایان سیاسیەکان بێنە سەر هێل و بەپەلە چارەسەری ئەو بارودۆخە بکەن.

لە دوای گرتنی رێگەی کەرکووک – هەولێر، لەلایەن لایەنگرانی گرووپی عەسائبی ئەهلی حەق و هەندێک لایەنی دیکە، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆ و گرتنی ڕێگەی سەرەکی هاوڵاتیان ژمارەیەک گەنجی کورد داوا دەکەن ئەگەر ڕێگەکە نەکرێتەوە هەڵوێستی توند وەردەگرن.

ئەو گەنجانە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، “ئێمە کۆمەڵێک گەنجی بێ‌لایەنین، پەیوەندیمان بە هیچ پارت و حزبێکی سیاسییەوە نییە، ئامانجمان دروستکردنی فشارە بۆ کردنەوەی رێگای نێوان کەرکووک – هەولێر، چونکە ئەمە بووەتە هۆی پەکخستنی هاتووچۆی سەدان هەزار کەس”.

دەشڵێن: لە نزیکترین کاتدا، هەڵوێستی توندمان دەبێت، هەر کەسێکیش دەیەوێت لەگەڵمان بێت، با دەنگی بخاتە پاڵ دەنگمان بۆ کردنەوەی رێگەکە.

سەهەند غەفوور، نوێنەری ئەو گەنجانە بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرتنی رێگەکە گرفتی بۆ کار و کەسابەت و پیشەی خەڵکی دروست کردووە و هاتووچۆی هاوڵاتیانی پەکخستووە، گوتیشی: وەکو هەنگاوی یەکەم ئەم پایەمەمان بە ئیدارەی کەرکووک داوە و ئەگەر بە دەنگمانەوە نەیەن ئەوا هەڵوێستی توندترمان دەبێت.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەرکرد بە گەڕاندنەوەی بارەگا داگیرکراوەکانی پارتی لە کەرکووک، دەنگی ناڕەزایەتی لەلایەن بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و عەرەبە هاوردەکانی کەرکووک بەرزبووەوە.

پارتی لە شاری کەرکووک 33 بارەگای هەبووە و هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 زۆربەی بارەگاکانی پارتی ئێستا لە کەرکووک چۆڵکراوە، بەڵام بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنی سەرکرایەتی پارتی لە کەرکووک تائێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە.

له‌ 16ـی ئۆكته‌ری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، شاری كه‌ركووكی راده‌ست كرده‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واوی باره‌گاكانی له‌و شاره‌ چۆڵكرد و به‌ شارێكی داگیركراوی وه‌سفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و رێككه‌وتنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كه‌ركووك بکاتەوە.