سەرکردەیەکی هاوپەیمانی قیادەی سووننی، پشتیوانی هاوپەیمانییەکە بۆ گەڕانەوە و کردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک دەردەبرێت و رایدەگەیەنێت، دادگا دەتوانێت رۆڵ لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا ببینێت.
ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، خالید مەفرەجی، سەرکردەی هاوپەیمانی قیادە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، لە شاری کەرکووک لەبارەی گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە؛ رایگەیاند: “ئێمە پشتیوانی ئەوە دەکەین پارتی دیموکراتی کوردستان بگەڕێتەوە کەرکووک، چونکە ئەویش پارتێکی سیاسییە و مافی ئەوەی هەیە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا بکات لە کەرکووک، بەڵام دەمانەوێت گەڕانەوەکە بە رێگەی ئاشتییانە بێت و بە رێگەی سیاسی و بە گوێرەی یاساکان بێت، نەک ببێتە هۆی پێکدادانی هەڵوێستە سیاسییەکان”.
بە گوتەی خالید مەفرەجی، ئەو لایەنە سیاسییانەی کەرکووک کە رێگری لە گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە دەکەن و خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن، دەیانەوێت پرسەکە بۆ مەرامی سیاسی و بۆ بابەتی هەڵبژاردن بەکاربهێنن و، وەکو خۆی دەڵێت، “ئەمە شتێکی خراپە و قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە”.
هاوپەیمانی قیادە لە هەردوو هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر و تەقەدوومی محەممەد حەلبووسی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێکهێندراوە و محەممەد تەمیم سەرۆکایەتی دەکات.
ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی قیادە ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەیان کردووە، “بۆ ئەوەی چارەسەرێکی خێرا و کۆتایی بۆ ئەم بابەتە (گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووك) بدۆزنەوە”.
خالید مەفرەجی بە پێویستی دەزانێت، “سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆڵ لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا ببینێت و هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەم بابەتە (بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک) ڕازی بکات.” دەشڵێت: “زۆر هەڵبژاردەمان لەبەردەستن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، یەکێک لەوان، بردنی کێشەکەیە بۆ دادگا؛ دادگا هێزی هەیە و دەتوانێت لە پرسە چارەنووسسازەکاندا رۆڵ ببینێت، یەکلاییان بکاتەوە و، دەکرێت ئەمە هەڵبژاردەیەکی باش بێت”.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بە چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی و ژمارەیەک لایەنی دیکە لە کەرکووک بۆ ئەوەی ئەو لایەنە سیاسییانە بتوانن بگەڕێنەوە شارەکە و دەست بە کار و چالاکییە سیاسییەکانیان بکەنەوە، بەڵام ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەک کەس لە بەردەم ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی (مەکتەبی رێکخستنی ئێستا) خێوەتیان هەڵداوە و دژی کردنەوەی بارەگاکانی ئەو حزبە لە کەرکووک خۆپیشاندان دەکەن و رێگەی سەرەکی کەرکووک – هەولێریان داخستووە.
لهدواى رووداوەکانی 16ى ئۆكتۆبهرهوه بارودۆخى شاری کەرکووک خراپ بووه و كێشه و گرفتهكان زیادیان كردووه و دیاردهى چهكدارى و سهربازیى تێدا پهیدا بووه. ئهمهش خزمهت به هاووڵاتییانی شارهكەی نەکردووە و ئارامى و خۆشگوزهرانیى تێدا نەهێشتووە. هاووڵاتییان داوا دەکەن بارودۆخهكهى بگهڕێتهوه بۆ پێش رووداوەکانی 16ى ئۆكتۆبهر، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، “ئێستا ژیان تێیدا زهحمهت و قورسه.”