د. عادل باخەوان: کۆتایی نۆڤەمبەر ماکرۆن سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق ئاماژە بەوە دەدات، کۆتایی مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. دەشڵێت، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکە، کۆتاییهێنانە بە کێشەکانی هەولێر و بەغدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی ئابی 2023، د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق راگەیاند، “کۆتایی مانگی یازدە (نۆڤەمبەر)ی داهاتوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراق دەکات”.

بە گوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، “دوای بەغدا، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە”.

لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی ماکرۆن، د. عادل باخەوان ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی فەرەنسا بۆ بەشداریکردن لە لە کۆنفرانسی بەغدادی سێیەم و تاتوێکردنی چەند پرسێک لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات.

فەرەنسا وەکو ئەوەی د.عادل باخەوان ئاماژەی پێ دەدات، دەوێت هەولێر و بەغدا کۆتایی بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان خۆیان بهێنن، بۆیە ئیمانوێل ماکرۆن  لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەکات.

 حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا جێبەجێکردووە، بەڵام بەغدایە کە نایەوێت پابەندی رێککەوتنەکان بێت و یاسای بودجە جێبەجێ بکات.

لەبارەی هەژموونی وڵاتانی ناوچەکە لەسەر حکومەتی عێراق و دەسەڵاتەکانی سوودانی، کە بەشێکی زۆری چاودێرانی سیاسی پێیوانوایە “وەکو پێویست ناتوانێت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت” ئاماژەی بەوە کرد، لەوانەیە سوودانی زۆر ئازاد نەبێت لە بڕیاردان، “بەڵام پێموانییە سوودانی هێندە بێهێزیش بێت، پێی بگوترێت، بێ دەسەڵاتترین سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مێژوودا”.

لەبارەی بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق پێیوایە سەدر بێ دەنگی دەشكێنێت و دەڵێت، “پێموانییە موقتەدا سەدر تا سەر بتوانێ بێدەنگبێت و پێشبینی دەکەم بە فۆرمی جیاوازەوە بێتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی”.

پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان

فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ بە درێژایی نۆ ساڵی رابردوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکاری سەربازی پێشکەشی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و مەشق و راهێنانی پێ کردوون.

لە ساڵی 2014 و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ فەرەنسا 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی ناردە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە، کە دواتر ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی هەزار و 100 سەرباز بەرزبووەوە.

بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، لە سەرەتای شەڕی داعش لە ساڵی 2014 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2022، فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا زیاتر لە هەزار و 500 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حەشارگە و بنکە سەربازییەکانی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 250 ئامانجی ئەو رێکخراوە تیرۆریستەی تێکشکاندووە.

بە درێژایی شەڕی دژی داعش وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی فەرەنسا چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و تا ئێستاش دوو سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە سەردانی هەولێریان کردووە؛ لە ئەیلوولی ساڵی 2014، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری پیێشووی فەرەنسا و لە ئابی ساڵی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئێستای ئەو وڵاتە سەردانی هەولێری کردووە.