سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

 سەرۆکی حکوومەتی هەرێم 15 دۆنم زەوی بۆ نەخۆشخانەیەك لە مەخموور تەرخانکرد

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر تەرخانكردنی (15 دۆنم) زەوی لە قەزای مەخموور بەمەبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێلەیی بۆ هاووڵاتییانی مەخموور و دەوروبەری.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی ئابی 2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر تەرخانكردنی (15 دۆنم) زەوی لە كەرتی 7 ـی قەزای مەخموور بەمەبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێلەیی بۆ هاووڵاتییانی مەخموور و دەوروبەری.

بە گوێرەی نووسراوێک کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كراوە، ئەوەش خراوەتەڕوو، داواش كراوە زەوییەكە بەگوێرەی ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان كاری پێویست ئەنجام بدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر خەڵكی سنووری قەزای مەخموور ئەو كێشەیەیان گەیاندە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش داواكاری هاووڵاتییانی سنوورەكەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكردەوە و سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە ماوەیەكی كەمدا فەرمانی كرد بە تەرخانكردنی زەوییەکە بەمەبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەیەك بۆ هاووڵاتییانی قەزای مەخموور و دەوروبەری.