پەرلەمانی عێراق لە ھۆکاری نەناردنی مووچەی ھەرێمی کوردستان دەکۆڵێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا ئێستە حکوومەتی عێراق پابەندی جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی یاسای بودجە نەبووە کە تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە لەگەڵ حکوومەتی عێراق. بەگوتەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و شارەزایانی بواری ئابووری، حکوومەتی عێراق لە جیاتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بەردەوام بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بەدوای بیانۆی جیاوازدا دەگڕێت و پابەندی ئەو ڕێککەتنە نابێت کە پێشتر لە نێوان ھەر دوو حکوومەت ئیمزا کراوە.

وا مانگی ھەشت تەواو دەبێت کەچی ھێشتا بەغدا مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە غەدری دەزانێت وەزارەتی دارایی و حکوومەتی عێراق بودجە و مووچەی کوردستان نادەن، بەگوتەی ئەندامانی لیژنەکە ئەوەی پێویست بووە و داوا کراوە ھەولێر کردوویەتی، بودجە بۆتە یاسا و پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆیە پێداگری دەکەین لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.
دڵشاد ڕەشید، شارەزای بواری ئابووری، ڕایگەیاند: دوای وردبینی لە داھات و خەرجییەکان، ھێشتا حکوومەتی عێراق بەدوای بیانۆی دیکەدا دەگەڕێت، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ ئەوەی کێشەکان چارە بکات، بەڵام لە ھەر حاڵەتێک ئەگەر بەڕێگەی سیاسی چارە نەکرێت، دەبێت پەنا ببرێتە بەر دادگەی فیدراڵی.
یاسای بودجەی عێراق و ڕێککەوتنەکانی ھەولێر و بەغدا، حکوومەتی عێراق ناچار دەکات، بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: لیژنەی دارایی سوورە لەسەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ئەو پرسە دەبەینە سەر مێزی لیژنەی دارایی و ڕازی نابین ئەو دۆخە ھەروا بەردەوام بێت و پێداگری دەکەین مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، ھاوشێوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خەرج بکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ پاساوێکی بۆ حکوومەتی عێراق نەھێشتووەتەوە و بە تەواوی پابەندی ڕێککەوتن بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، دوا ڕاپۆرتی دارایی حکوومەتی ھەرێم دراوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھیچ تێبینییەکی لەسەر نەبووە و تەواوی ژمارە و داتاکان خراونەتە بەردەستی چاودێری دارایی عێراق، دیوانی چاودێری عێراق داتاکانی ھەرێمی کوردستانیان لا پەسەند بووە، ئەمە لە کاتێکدایە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکی حکوومەتی عێراقە.
پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: ھەرێمی کوردستان دوای ئەوەی چەندین شاندی بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام ئەوان دوای ھەر چارەیەک، کێشەیەکی نوێ دروست دەکەنەوە، ئەمەش پەیوەستە بەو خواست و عەقڵییەتەی چاوی لە دووبارە بەناوەندکردنەوەی عێراق و سڕینەوەی ھەرێمی کوردستانە، لەو چوارچێوەیەشدا عەقڵییەتێکی کوردی ھەیە پشتیوانی لەو عەقڵییەتە عێراقییە دەکات.
سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی مانگی تەممووزی ٢٠٢٣، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ھیچ شتێک نەماوە تاوەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان شاندی بۆ بنێرێتەوە. جەختیشیکردەوە، ھەرێمی کوردستان ھەموو جۆرە ڕێککەوتنێکی لەبارەی بودجە و مووچەوە کردووە و ھەموو جۆرە پابەندییەکی سەری جێبەجێ کردووە، بۆیە ناردنەوەی شاند بۆ بەغدا نازانرێت لە پای چی بێت؟ بۆیە ھاتنی مووچە پەیوەستە بە ڕادەی پابەندبوونی حکوومەتی عێراق بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ناردنی مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ئەگەریش ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت، ئەو کات ھەرێمی کوردستان قسەی جیددی خۆی دەبێت.