ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە ئاكرێ جێبەجێ دەكرێن

لە چوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار، ژمارەیەك پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقام لە گەڕەكەکانی شاری ئاكرێ جێبەجێ دەكرێن.
ئەو پرۆژانە لەمیانەی بەردەوامی كارە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بۆ زیاتر بووژانەوەی شار و شارۆچكەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
ئێستا ژمارەیەك پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵان لە گەڕەكەكانی گوڵان، نەورۆز، ڕۆناهی، سماقوك، خەبات و چەند شوێنێكی دیکەی شاری ئاكرێ جێبەجێ دەكرێن. بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك، گوژمەی ئەو پرۆژانە 3 ملیار و 99 ملیۆن دینارە و دەبێتە هۆی بووژانەوەی شارەكە لەڕووی خزمەتگوزاری و ئاسانكاری باش بۆ دانیشتووانی شاری ئاكرێ.