ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق گفتوگۆ لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 30/8/2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا دەکات.

بڕیاربوو هەینی رابردوو 25ی ئابی 2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ تاتوێکردنی رەشنووسی یاسایی نەوت و گاز سەردانی بەغدا بکات، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی باوکی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دواخرا.

ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق تائێستا پابەند نەبووە بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوێنێ 29/8/2023 لە روونکردنەوەیەکداسەبارەت بە دەنگۆی رەتکردنەوەی پێشنیازێک بۆ ناردنی بڕێک پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “بەهیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، ئاگادار نەکراوینەوە لە بوونی پێشنیازێکی لەو جۆرە، تا رەتکرابێتەوە”.

لەلایەکی دیکە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی دیدیدارێکدا لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا رایگەیاندبوو، سیاسەتی کابینەی نۆیەم سفرکردنەوەی کێشەکان بووە لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی حکومەتی عێراقەوە رێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون.