لوولەی نەوتی کوردستان -جەیهان نۆژەن دەکرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر بڕیاری ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک تێدەپەڕێت. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: عێراق زەرەرمەندی یەکەمە لە ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت. دەشڵێ: تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان، داوای کردووە عێراق سکاڵای دووەمی لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیا، بکشێنێتەوە.

لە مانگی ئادارەوە بەپێی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە ڕاگیراوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت حکوومەتی تورکیا یەک ملیار و نیو دۆلار بداتە عێراق، ئەوەش وەکو قەرەبووی ئەو زیانەی لەو وڵاتەی داوە بەرامبەر ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بەبێ ڕەزامەندی بەغدا لە ساڵانی ٢٠١٤ – ٢٠١٨.
لە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوشانی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە ڕێورەسمی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، کە نەخشەڕێگەی چارە بوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی ڕابردوو لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
ھەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بە‌غدا و ھەولێر، باسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە کرا.
گرێبەستی لوولەی نەوتی کەرکووک – جەیھان لە ساڵی ١٩٧٣ لە نێوان تورکیا و عێراق ئیمزا کرا و لە ساڵی ٢٠١٠ ھەموار کرایەوە.
ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، دەڵێ: ئامانجی سەرەکییان وەگەڕخستنەوەی لوولەی نەوتی جەیھانە لە نزیکترین کاتدا، بەوەش لەگەڵ تەواوکردنی کارە تەکنیکییەکان، لوولەی نەوتی کوردستان -جەیھان دەکەوێتە کار.
کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا سەردانی ھەولێری کردوو و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و باس لە ناردنە دەرەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کرا.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: سکاڵایەکی دیکەی عێراق کە لەسەر تورکیای تۆمار کردووە لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە لە ساڵانی ٢٠١٨ – ٢٠٢٢ لە دادگە ماوە، ئەگەر ئەو سکاڵایە بباتەوە، تورکیا دەبێت چوار ملیار دۆلار بداتە عێراق، ھەر بۆیە یەکێک لە داواکارییەکانی تورکیا کشانەوەی ئەو سکاڵایەی عێراقە، لەگەڵ ئەوەی تورکیا چەند مەرجێکی دیکەی ھەیە بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، داوا دەکات سوود لە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک وەربگرێت. یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، نرخی گواستنەوەی نەوتەکەیە بە خاکی تورکیادا، عێراق دەیەوێت بۆ تێچووی گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوت ٢ تاوەکو ٣ دۆلار بداتە تورکیا، بەڵام کۆمپانیای بۆتاشی تورکی کە نەوتەکە لە خاکی تورکیا دەگوازێتەوە، داوای ٧ دۆلاری کردووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: تورکیا کارتی ئاوی بە دەستەوەیە و مەبەستییەتی بەرامبەر بە کارت و مەرجەکانی عێراق بەکاری بھێنێت، تەنانەت ھەردوو دۆسیەی پەکەکە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش دوو کارت و مەرجی دیکەی تورکیان و دەیەوێ بە ڕژدی کاریان لەسەر بکات، کە عێراق بەو ھۆیەوە زیانی زۆری بەردەکەوێت، بۆیە زەرەرمەندی سەرەکی لە دۆسیەی ھەناردەنەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، عێراقە.
سەبارەت بە یاسای نەوت و گاز، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، بابەتی نەوت و گاز تەنیا پەیوەندی بە حکوومەتی فیدراڵییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەیە، دەبێ بە ھاوئاھەنگی و ھاوبەشییەوە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز بنووسرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێ: یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستە بەھۆی نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆر بۆ عێراق دروست بووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستە ھەن، چارە دەبن.