پاڤین ڕەمەزان – هەولێر
ئەوەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەم جوگرافیایەی کە پیی دەوترێت عێراقی نوێ، عێراقێکە ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو دواوە خلۆر دەبێتەوە، بەشێوەیەک ئێستە کاری بەوە گەیشتووە بە گەورەترین بودجەشەوە باری ڕاست نابێتەوە و سەراپای نووقمی گەندەڵی و ململانێی ناشەریفی گرووپی بچووک بچووکی چەکدارەوەیە کە دەستیان ناوەتە بینەقاقای حکوومەت و ناهێڵن هیچ پلان و بەرنامەیەکی حکوومەت جێبەجێ ببێت.
هەرێمی کوردستان لە سایەی دەستوورەوە
ئەو دەستوورەی عێراق خاوەندارییەتی دەکات و کورد ڕۆڵی باشی لە نووسینەوەیدا هەبووە، بە ڕای یاساناسان، دەستوورێکی تۆکمەیە و یەکێکە لە باشترین دەستوورەکان بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە. هەرێمی کوردستان، تا ئەو ساڵانەی عێراق بە شێوەیەک لە شێوەکان ئیقراری سیاسی هەبوو، دەستوور تا ئاستێکی باش پیادە دەکرا پێشکەوتن و گەشەیەکی خەیاڵی و چاوەڕوان نەکراوی بەخۆوە بینی. تەنانەت میدیا جیهانییەکان باسیان لەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان دەکرد کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بەدی هات. ئەگەرچی لە باشترین حاڵەتدا بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا نەکراوە و ئەوەی لە دەستوور جێگیرکراوە وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە.
چاودێران و شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن، ئەگەر هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تا ئەمڕۆ بە پێی دەستوور مامەڵەی لەگەڵ کرابا و شایستە و مافەکانی خۆی پێدرابا، ئێستە لە قۆناغێکدا دەبوو کە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی دەگەیشتە ئاستێکی خەیاڵی و ئاوەدانییەکەی بێوێنە دەبوو بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە.
لە دەوڵەتی دەستوورەوە بۆ دەوڵەتی تائیفی
لاوازییەکانی عێراق لەدوای ساڵی ٢٠١٤ەوە بە تەواوی دەرکەوت، هۆی سەرەکی لاوازبوونیشی وەلانانی دەستوورەکەی بوو. لە دوای دروستبوونی چەندین هێز و گرووپی نادەستووری و میلیشیایی، ئیتر حکوومەتی عێراق جڵەوی لەدەست دا و بەشێوەی سێبەر لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەوە بەڕێوە دەبران کە بە هاوکاری وڵاتانی دەرەکی و لەژێر باڵی تائیفە و سەرکردەی جیاواز جیاوازەوە دروست دەبوون. بەپێی ڕای چاودێران، هیچ شتێک بە ئەندازەی ئەو گرووپە چەکدارانە زیانیان لە عێراق نەداوە چ لە ڕووی ئەمنی و چ لە ڕووی ئیداری و ئابوورییەوە. بەشیوەیەک ئەو هێزە چەکدارانە هیچ ئینتمایەکیان بۆ دەستوور و تەنانەت وڵاتیش نییە و تەنها خەریکی پیادەکردنی سیاسەتی دەرەکی ئەو وڵاتانەن کە چەک و ئیمتیازی داراییان دەداتێ. هەرێمی کوردستان لێرەوە کەوتە ژێر باری ناڕەحەتییەکی ئابووریەوە و سەرهەڵدانی گرفتی مووچەی فەرمانبەران حکوومەتی هەرێمی ناچار کرد بەشێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ڕابگرێت و هەرچی لە توانابێت بۆ دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران بیکات. هەر زووش کەوتە ژێر هەڕەشەی گرووپە میلیشیاییەکان کە لە هیچ کاتێکدا پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە نەدەبوون لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرا و عێراق لە دەوڵەوتی دەستوورەوە گۆڕا بۆ دەوڵەتێکی تائیفی.
عێراقی ئەمڕۆ
لە ١١ی حوزەیرانی ئەمساڵدا و دوای ٥ ڕۆژ گفتوگۆ، پەرلەمانی عێراق بودجەیەکی زەبەلاحی پەسەند کرد. ژمارەکانی نێو پرۆژە یاسای بودجە بەشێوەیەکە کە لە ڕابردوودا عێراق بودجەی ئەوهای بەخۆوە نەبینووە. بەڵام ئەو گەندەڵییەی عێراقی تێدا نغرۆ بووە، پێ ناچێت بە دەیان بودجەی لەو شێوەیە تیماری دەردی بکرێت. ڕۆژانە کەیسی گەندەڵی لە بەرپرسانی عێراق دەردەکەون، کە هەندێکیان ملیۆنان دۆلاریان دێزە بە دەرخۆنە کردووە و لە بەرامبەردا سزادان و دادگایی کردنی ئەو بەرپرسانە ناشەفافە و حکوومەت لە بەرامبەر ئەو ژمارە زۆرەی گەندەڵکاران بێ دەربەستە و ناتوانێت سەرە داواکەی بدۆزێتەوە و بیبڕێت. بەشێک لە شارەزایانی ئابووری لایان وایە ئەو بودجەی عێراق ئەگەر عەقڵییەتێکی ئابووری بەڕێوەی نەبات لە جیاتی، بە زیانی عێراق و خەڵکەکەی دەشکێتەوە. باس لەوەش دەکەن هەندێک بڕیار لە عێراق دەدرێت بە ڕووکەش وا دیارە لە خزمەتی خەڵکیدایە، بەڵام لە ئەنجامدا زیانە و خزمەتی تاقم و گرووپی تائیفی و مەزهەبی و توندڕەوی دینییە، بۆ نموونە حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە، بۆ کەسانی ئایینی و ئەوانەشی قورئانی پیرۆزیان لەبەر کردووە، خەرجی خوێندن و تەنانەت تەندروستیشیان لەسەر ئەرکی حکوومەت بێت. ئەم جۆرە بڕیارانە نیشانەی ئەوەن عەقڵیەتێکی دادپەرەوەر و ئابوورییانە لە پشت ئەو بودجەیەوە نییە و دەیخەنە خزمەتی کۆمەڵێک ئەجێندا و پیلانی مەزهەبی و تائیفییەوە. باس لەوەش دەکرێت، سیاسەتی ئابوریی عێراق، سیاسەتێکی هەڵەیە و بە زیانی خۆی تەواو دەبێت، چونکە نەیتوانیوە ڕێگری لەو بەفیڕۆچوونەی دۆلار بگرێت کە بانکی ناوەندی داوای دەکات ئەویش سەرئەنجام نرخی دراوەکەی بەرامبەر دۆلار بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزاندووە و هۆشدارییەکانی ئەمریکاش لەوبارەیەوە بەردەوامە.
ناسەروەری
یەکێک لە بنەماکانی دەوڵەتی سەرکەوتوو، سەروەرییە. عێراق ساڵانێکە لەم بنەمایە بێبەشە و ئەمەش نەک تەنیا بۆخۆی زیانی زۆریشی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە. بەوپێیەی هەرێمی کوردستان لە زۆرکاتدا ناچار دەکرێت پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵی بێت و چاوەڕێی دەستپێشخەری حکوومەتی فیدراڵ بێت بۆ چارە کردنی گرفتەکان. هەروەک ئەوەی لە شنگال دەگوزەرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەرچی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنی هەیە دەربارەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال. بەڵام عێراق بەهۆی ناسەروەریی ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە بنێت. ئەمە جگە لەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندی خۆی بەرامبەر ڕێککەوتنی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم نیشاندا و چووە ژێرباری هەموو ڕێکارە یاساییەکان، بەڵام دووبارە عێراق نوێنەرایەتیی ئەو ڕیککەوتنە ناکات و ناتوانێت هەنگاوی یەکلا کەرەوە بە ئاراستەی چارەکردنی گرفتەکان بنێت، ئەمەش بەپێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، هۆیەکەی هەر ئەوەیە شتێک لە عێراقدا نییە بەناوی سەروەری و لەژێر ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی هەنگاو دەنێت.