چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

“مۆڵەتی وەبەرهێنان بە نزیکەی 300 پڕۆژە دراوە کە بووەتە هۆی رەخساندنی 200 هەزار هەلی کار”

کابینەی نۆیەم لەڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە لەماوەی چوار ساڵی رابردوو مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە نزیکە 300 پڕۆژە داوە کە نزیکە 200 هەزار هەلی کاری رەخساندووە بۆ هاووڵاتییان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش ئاشکرای دەکات کە مۆڵەتی ئەو پڕۆژانەی کە دراون زیاتر لە بواری پیشەسازی بوون و گرنگی زیاتریش دراوە بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی.

محەممەد، شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، رایگەیاند، “لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەمڕۆ ئێمە مۆڵەتمان بە نزیکەی 300 پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە بۆ کەرتی تایبەت، کە سەرمایەکەی لە سەرووی 14 ملیار دۆلارە”.
هاوکات راشیگەیاند، بە پێی بەرنامەی حکومەت زیاتر گرنگی بە کەرتی پیشەسازی دراوە کە لە پلەی یەکەم دێن بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کە مۆڵەتیان پێدراوە، دوای ئەوە کەرتی گەشتیاری دێت، دوای ئەوە کەرتی کشتوکاڵی دێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای دەکات، نزیكەی 200 هەزار هەلی كار راستەوخۆ دابین کردووە لەڕێگەی ئەو پڕۆژانەوە و كۆمپانیاكانیشمان پابەند كردووە، بەوەی 75%ـی هەلی كار بۆ خەڵكی خۆمان بێت و 25% بۆ دەستی كاری بیانی بێت.
لەم كابینەیەدا نزیكی 300 پرۆژە مۆڵەتیان پێدراوە و دەگاتە 20%ـی تێكڕای ئەو مۆڵەتانەی وەبەرهێنان كە لە ماوەی 17 ساڵدا دراون، هەروەها زیاتر لە هەزار و 612 پرۆژەی وەبەرهێنان پەسەندكراون و لە قۆناغی راییكردنی مامەڵەكانیاندان و 300 پرۆژەش مۆڵەتیان پێدراوە، لەم پڕۆژانەش ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە بووە، زیاتر گرنگی بە هەرسێ كەرتی پیشەسازی، كشتوكاڵ و گەشتیاری بدەن.