سبه‌ی شه‌و دیارده‌یه‌كی گه‌ردوونی ناوازه‌ رووده‌دات و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بینرێت

سبه‌ی چوارشه‌م دیارده‌یه‌كی ناوازه‌ له‌ ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی جیهان ده‌بینرێت ئه‌ویش دیارده‌ی مانگی شینه (blu moon) ، هه‌روه‌ها مانگیش زۆر به ‌گه‌وره‌یی و پڕی (super moon) ده‌رده‌كه‌وێت.

محه‌مه‌د كه‌لاری شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند: سبه‌ی چوارشه‌م هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان و جیهان له‌ كاتژمێر 9:36ی شه‌و ده‌توانن دیارده‌ی بینینی مانگ به‌ شینی و هه‌روه‌ها به‌ پڕی و جوانی ببینن، جگه‌ له‌وه‌ هه‌روه‌ها له ‌ته‌نیشت مانگیشه‌وه‌ هه‌ساره‌ی زوحه‌ل ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كی زۆر ناوازه‌یه‌ و هه‌موو جیهان چاوه‌ڕێی سبه‌ی چوارشه‌مه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چێژ له‌م دیمه‌نانه‌ی جوانانه‌ی مانگ ببینن.

به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌م دیاردانه‌ی مانگ 3 بۆ 4 ساڵ جارێك ڕوو ده‌ده‌ن، هه‌ندێك جار ده‌گاته‌ 10 ساڵ جارێكیش، بۆ ئه‌مجاره‌ش به‌شێك له ‌سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كه‌ن له‌ 2006وه‌ تا ئێستا حاڵه‌تی له‌م جۆره‌ دووباره‌ نه‌بۆ‌ته‌وه‌.

محه‌مه‌د كه‌لاری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ مانگ شێوه‌كه‌ی بۆ شین ناگۆڕێت و به‌ڵكو هه‌ر شێوه‌یه‌كی خۆڵه‌مێشی ده‌بێت، به‌ڵام قه‌باره‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌ ده‌بێت و واهه‌ست ده‌كرێ نزیك بووبێته‌وه‌ له ‌زه‌وی و به‌ پڕی ده‌بینرێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌ساره‌ی زوحه‌ل دیمه‌نێكی جوان دروست ده‌كه‌ن .