سەفین دزەیی: راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کورستان زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار زیانی بە عێراق گەیاندووە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تورکیا لایەنگری هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانە و راگرتنی هەناردکردنی نەوتیش “بە بەهای زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار زیانی دارایی بە حکومەتی عێراق گەیاندووە”. دەشڵێت، “سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و داوامان لە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان کردووە هاوکاری هەولێر و بەغدا بن”.

ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی ئابی 2023، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی جموجوڵەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقو هەرێمی کوردستان؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان؛ پەیوەندییەکانی ئێستای هەولێر –  بەغدا؛ سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.

هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و دواتر لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی کۆبووەوە. بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەش 24ـی ئابی 2023، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و حزبی لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

سەفین دزەیی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، دەڵێت: “تورکیا لایەنگری ئەوەیە دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەبکرێتەوە، هەرێمی کوردستانیش بێگومان زۆر پەرۆشە. بەرپرسانی بەغدا بە فەرمی باس دەکەن کە ئامادەنە (بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان)، بەڵام لە راستیدا تا ئێستا هەنگاوی پراکتیکی نەنراوە”.

وەکو ئەوەی سەفین دزەیی باسی دەکات، مەبەست سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لەیەکتر نزیکردنەوەی دید و بۆچوونی تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان بووە سەبارەت بە چۆنیەتی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و، هەروەها “نەهێشتینی ئەو ئاستەنگانەی (لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت) هەن، چی ئاستەنگی هونەری، سیاسی، دارایی و کارگێڕی بن. بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی یاسای بودجە دووبارە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەینەوە و هەوڵەکان بەردەوامن”.

بەگوتەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە 25ـی ئادارەوە تاوەکو ئێستا و لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای نیوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، “نزیکەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەر عێراق گەیشتووە. بۆیە لەرووی ماتماتیکەوە، لۆژیک نییە، بۆ وەرگرتنی ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە تورکیا، پێنج ملیار دۆلار زیان بەخۆت بگەیێنیت”.

شەوی رابردوو، 28ـی ئابی 2023، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا گەیشتە بەغدا. سەفین دزەیی دەڵێت، “ئەوەی بیستبێم وەزیری بازرگانی تورکیا لە بەغدایە، بەڵام ئاگادارنەکراوینەتەوە کە سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات”.

ناردنی شایستە داراییەکان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەوەشی خستەڕوو، کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانیان لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و نەناردنی شایستە داراییەکان لەلایەن بەغداوە ئاگادار کردووەنەتەوە، “چونکە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان بەلاوە گرنگە”. دەشڵێت: “داوامان لێ کردوون، هاوکاری هەردوولا بن (هەولێر و بەغدا)، بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر هەردوولا هەیە”.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی سەفین دزەیی ئاماژەی پێ کرد، سبەی چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، کۆدەبێتەوە و دەرئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا و هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەت تاوتوێ دەکرێن؛ “هیوادارین نەگاتە ئاستێک کە لەیەک دووربکەوینەوە. هەوڵەکانی هەولێر و حکومەتی هەرێم ئەوەیە، زیاتر لەیەکنزیکبوونەوە هەبێت. بڕواتان هەبێت لە زۆر پرسدا، شاندی حکومەتی هەرێم لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان نەرمییەکی ئێکجار زۆری نوواندووە”.

کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا

رۆژی دووشەممە، 3ـی تەممووزی 2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ڕۆژی 3ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 درێژکردووەتەوە.

لەبارەی ئەوەی “لە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، باس لە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا کراوە یان نا؟” سەفین دزەیی گوتی: “ئێمە دوو فڕۆکەخانەی سەرەکیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە هاووڵاتییان لێی سوودمەندن و زۆریش جێگەی نیگەرانیمانە کە خەڵکی سلێمانی و ئەو ناوچەیە بە گشتی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی سوودمەندنەبن.”

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، “هەوڵدەدرێت ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت، تورکیا نیگەرانی خۆی و هۆکاری خۆی هەیە؛ هیوادارین ئەو هۆکار و نیگەرانییە نەمێنێت، بۆ ئەوەی دووبارە ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەکەدا بکرێتەوە بە مەبەستی خزمەتکردنی هاووڵاتییان”.  

جموجوڵەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

ماوەیەکە لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان هەست بە جموجوڵی هێزە ئەمنییەکان دەکرێت و دەنگۆی هێرشکردنە سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە. هەفتەی رابردوو دوو چالاکی لە پارێزگای ئەنبار روویدان، پەرەسەندنی جوڵەی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی سەربازیی سەر بە هێزەکانی ئەمەریکا و نیشتنەوەیان لە بنکەی عەین ئەسەد، هەروەها میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، بارەگاکانیان لەو پارێزگایە لەناکاو بەبێ ئاگادارکردنەوە چۆڵکردووە و دیارنەماون.

لەبارەی جموجوڵەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، “بە ڕاستی جموجوڵەکان زۆر ئاساییبوون. ماوە ماوە گۆرانکاری بەسەر هێزەکانی ئەمەریکادا دێت. سەرکردەی ئەو هێزانە جەنەڕاڵێک بوو و جەنەڕالێکی دیکە هاتە جێگەی و بەشێک لەو هێزانەش جێگۆڕکێیان پێ دەکرێت”.

هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، “بەشێک لەو کەلوپەلە (سەربازییانەی) لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد (بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکایە لە سنووری ئەنبار ) بوون، هێنراوەتە بنکەکانی دیکەیان لە هەرێمی کوردستان؛ شتێکی زۆر ئاسایی بوو، ئەوەی باس دەکرێت لە راگەیاندن، شیکاری جیاجای بۆ دەکرێت، بەڕاستی بێ بنەمایە”.