سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

فەوزی هەریری: سستی بەغدا لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناڕەوایە

بە ئاماژەدان بە سستی بەغدا لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: ئەوەی کە بەغدا دەیکات ناڕەوایە و پێویستە هەموومان زیاتر جەخت لە چەسپاندنی مافەکانی خۆمان بکەینەوە لە چوارچێوەی دەستووردا.

هەر سەبارەت بەو پرسە، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێم مافی خۆیەتی هەموو رێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان.

وەک فەوزی هەریری ئاماژەی پێدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئەرکی لەوەدایە کە باشترین پەیوەندی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 سەبارەت بە ئامادەیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، رایگەیاند: ئێمە بەردەوام لەسەر خەتین لەگەڵیان، ئەوەی پێویستە لەڕووی ئامادەکاری و دەستنیشانکردنی کارمەندەکان و شوێنەکان، جێبەجێ دەکرێن.

گوتیشی: “ئێمە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبینەوە، بۆئەوەی خۆیان بڕیار بدەن لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان”.

رۆژی (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.