بەروبوومێکی دیکەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەنجیری ئاکرێ تام و بۆن و شێوەی لەگەڵ ھەنجیری شوێنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازە، ھەر ئەمەش وای کردووە دانیشتوانی عێراق و گەشتیارانی بیانی ھەنجیری ئاکرێ لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە. بەگوتەی بەرپرسانی کشتوکاڵ، لە ئاکرێ نزیکەی دوو سەد و پەنجا ھەزار داری ھەنجیر ھەیە، پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ھەنجیری ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە دە ھەزار تۆن. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکارییەکی باشی جووتیاران دەکات، بۆ ئەوەی بەرھەمیان ساغبێتەوە و لە بازاڕ بفرۆشرێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی گەورەیە و وا دەکات جووتیاران زیاتر ڕوو لە کاری کشتوکاڵی بکەن.

بەپێی داتاکان لە چوار ساڵی ڕابردوودا ساڵ بە ساڵ بەرھەمی ھەنجیر لە زیادبووندا بووە، لە سێ ھەزار و حەوت سەد و نەوەد و ھەشت تۆنەوە بۆ نزیکەی بیست ھەزار تۆن زیاد بووە واتە بەرھەم بەرێژەی ٨٠% زیادی کردووە، ھەروەھا بەرھەمی ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد، ئەمساڵیش پێشبینی زیادبوونی بەرھەم دەکرێت .
چاندنی ھەنجیر پێویستی بە خاکێکی تێکەڵ و کەشوھەوایەکی مامناوەند ھەیە، ئەم کەشوھەوایە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ھەیە، بەڵام ھەنجیری ھەندێک ناوچە بەھۆی جیاوازی کەشوھەوا و خاکەکەی، تامی لە ھەنجیری ناوچەکانی دیکە خۆشترە، ئێستە زیاتر لە ٣٠ جۆری ھەنجیر لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، کە بەشێکیان بە ناوی تایبەت ناسراون بەشێکی دیکەشیان ناوی ئەو ناوچەی ھەڵگرتووە، کە ھەنجیرەکەی لێ ڕووێندراوە، ئەحیا بەگ، بێناتی، ھەنجیرە ڕەش، تەفسک زەرد و ڕەش، ھەنجیرە دێم، ھەنجیرە پاییز و سوورخاڵ، ناوی ئەو جۆرە ھەنجیرانەن کە ساڵانە ڕەوانەی دەرەوەی کوردستان دەکرێت، ساڵانە لە مانگی ئاب تا مانگی تشرینی یەکەم وەرزی پێگەیشتنی ھەنجیرە لە ئاکرێ، بەگوتەی خاوەن باخەکانی ھەنجیر، ساڵانە جۆرەکانی ھەنجیر ڕەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق و دەرەوە دەکەن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کە سەرەڕای بوونی چەندین جۆری ھەنجیر، بەڵام جۆری ئەحیا بەگ، یەکێک لە باوترین جۆرەکانی ھەنجیرە کە خواستێکی زۆری لەسەرە و ھەنجیر بۆ دروستکردنی مورەبا و سەوک و لەتکە ھەنجیر سوودی لێ وەردەگیرێت.
ھەنجیر میوەیەکی خۆشی وەرزی ھاوینە و میوەیەکی پڕ کانزایە، بە تەڕی و بە وشکی دەخورێت و لە خێزانی تووەکانە، ئەو میوەیە وەکو میوەکانی دیکە نییە لە ڕووی خواردنەوە، تا بە تەواوی پێ نەگات ناخورێت، بۆ بە بازاڕکردن و پاراستنی بەرھەمی جووتیاران لە ساڵانی ڕابردوودا، وەزارەتی کشتوکاڵ لە ناوەڕاستی مانگی تەممووز تاوەکو سەرەتای مانگی تشیرینی یەکەم، بەیەکجاری ھاوردەکرنی ئەم بەرھەمە بۆ کاتێکی نادیار قەدەخە دەکات، ئامانج لە بڕیاری قەدەخەی ھاوردەی ھەنجیر و بەرھەمەکانی دیکە بۆ بە بازاڕکردن و گەشەپێدانی بەرھەمی ناوخۆییە تاوەکو ئاستی خۆبژێوی. بەگوتەی بەرپرسانی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان، ھەنجیر لە بازاڕ خواستێکی باشی لەسەرە و بەراورد بە میوەکانی دیکەش داری ھەنجیر کەمتر تووشی نەخۆشی دەبێت، لە ڕێگەی قەڵەمیشەوە بە ئاسانی زیاد دەکرێت، بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان جووتیارێکی زۆر ڕووی لە چاندنی ھەنجیر کردووە، بەم ھۆیەشەوە بەرھەمی ھەنجیر بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، ڕایگەیاند: پاش ھەوڵی بەردەوامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ زیاتر بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ڕەوانە کردنی بەروبوومی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، پارساڵ ھەنار ڕەوانە کرا، ئەمساڵ پەتاتە، بەھەمان شێوە کار دەکەین بۆ ئەوەی بەروبوومی دیکە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان بکەین.
بەڕێوبەری کشتوکاڵی دھۆک، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکارییەکی باشی جووتیاران دەکات، بۆ ئەوەی بەرھەمیان ساغبێتەوە و لە بازاڕ بفرۆشرێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆیە ئێستە ھەم بەرھەمیان لە بازاڕ ساغ دەبێتەوە، ھەم ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی گەورەیە و وا دەکات جووتیاران زیاتر کشتوکاڵی بکەن.