بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان: پتر له‌ پێنج كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر و پێنج ئامێری قوماركردن ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕێك مادده‌ی هۆشبه‌ر و چه‌ند ئامێرێكی قوماركردن ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28ـی ئابی 2023، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بڕی 5.5 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ر و پێنج ئامێری قوماركردنی راگه‌یاند.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌: تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان، بەهاوکاری بەشی جموجۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکووک، لەچەند چالاکیەکدا، دوای بەدواداچوونی ورد و وەرگرتنی فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین لەلای دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، توانرا پێنج تۆمەتبار دەستگیربکرێن، کە کاری کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەکەن.

راشیگه‌یاند، لەگەڵ دەستگیرکردنیان، بڕی پێنج کیلۆگرام و نیو لەماددەی هۆشبەر و پێنج ئامێری قومارکردن دەستی بەسەرداگیرا.

روونیشیكرده‌وه‌، دوای ده‌ستگیركردنیان، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

پێشتریش ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، وەک بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان زۆر بە جددی کار لەسەر ئەوە دەکەن و بەردەوام دەبن لە هەڵمەت پشکنینی کافێ و رێستورانتەکان و ئەو شوێنانەشی کە گومانی لێ دەکرێت ماددەی هۆشبەری لێبێت.

راشیگەیاند، هەڵمەتەکانی پشکنین بۆ بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگای هەولێر، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و ئاسایشی گشتی ئەنجامدەدرێت.