12 کەس لەسەر بەقاچاخبردنى نەوت “لە رێگەى هەرێمى کوردستانەوە” سزادران

12 تۆمەتبارى بەقاچاخبردنى نەوت لە عێراق، هەریەکەیان بە 15 ساڵ بەندکردن سزا درا، کە بەگوێرەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرىی عێراق، بە پسوولەى ساختەى رێگەپێدان، نەوتیان بردووەتە هەرێمى کوردستان و لەوێشەوە بۆ دەرەوەى وڵات.

بڕیارى سزادانى ئەو 12 کەسە لەلایەن دادگەى تاوانەکانى بەسرە دراوە، کە 27ـی ئابى 2023، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە.

بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو 12 کەسە لە باشوورى عێراق بۆڕییەکانى نەوتیان کونکردووە و بە تانکەر و بە پشتبەستن بە رێگەپێدانى ساختە، بردوویانەتە هەرێمى کوردستان و لەوێشەوە بۆ دەرەوەى عێراق.

28ـی ئابى 2023، خالید رێکانى، ئەندامى لیژنەى دەستپاکیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت “ئەو دۆسیەیە بەشێکە لە پرۆسەکانى بەقاچاخبردنى نەوت، کە ئێستاش لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق بەردەوامە.”

خالید رێکانى گوتیشی “بەقاچاخبردنى نەوت بە کونکردنى بۆریی گواستنەوەى نەوت و گواستنەوەیەتی بە تانکەر.”

دەزگەى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق لە 30ـی کانوونى یەکەمى 2022، دەستگیرکردنى ئەو باندەى ئاشکرا کرد، کە لە کێڵگەکانى نەوتى بەسرە و نەوتیان بە قاچاخ بردووە و لەلایەن یەکەیەکی پۆلیسەوە هاوکاریکراون، کە پاسەوانى بۆرییەکانى نەوت بوون و رۆژانە لە کونکردنى بۆرییەکانەوە، نزیکەى 500 ملیۆن دیناریان دەستکەوتووە و بەسەر 49 کەس دابەشکراوە، کە بەشداربوون لەو بەقاچاخبردنەدا.

بەگوێرەى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق، پرۆسەى باقاچاخبردنەکە وا بووە، هەر کونێک لە بۆرییەکانى گواستنەوەى نەوت کراوە، بۆ ماوەی یەک مانگ نەوتى لێ براوە، دواتر ئەو هێزەى بەرپرس بووە لەپاراستنى ئەو بۆرییانە و لە بەقاچاخبردنەکەوە تێوەگلاوە، زانیاریی لەسەر ئەوشوێنە داوە و دواتر لە شوێنێکى دیکەوە کونیان کردووەتە بۆرییەکە و، شەوانە لە رێگەى تانکەرەوە نەوتەکەیان بەقاچاخ بردووە.