فایه‌ق گوڵپی: له‌و مه‌ته‌ڵه‌ تێ ناگه‌م بۆچی په‌كه‌كه‌ رووی ده‌می له‌ پارتییە و باس له‌ یه‌كێتی ناكات؟

د.فایه‌ق گوڵپی، سەركردەی پێشووی پەكەكە، سەبارەت بە دۆخی ناهەمواری پەكەكە لە باشووری كوردستان و ئەندامەكانی رایگەیاند، ئه‌و كه‌سانه‌ی تێكەڵی په‌كه‌كه‌ بوون له‌ هەرێمی كوردستان، هیچ حیساب بۆ را و بۆچوونیان نه‌كرا و دواجار له‌ په‌كه‌كه‌ دوور كه‌وتنه‌وه، ئه‌گه‌ر گوێ لەو كەسانە بگیرابا، ”ئێستا دۆخی په‌كه‌كه‌ له‌ باشووری كوردستان زۆر باشتر ده‌بوو.“

لەبارەی پەیوەندیی په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداش، ئاماژەی بەوە كرد: ”ئەمە بابەتێكی زۆر ئاڵۆزه‌ و بۆردومانكردنی پەكەكە بە فڕۆكە له ‌سه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراقیشه‌وه‌یه‌ و له‌ ئاستی ئەمریكا و توركیا بڕێنراوه‌ته‌وه‌ و رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه“.

گوتیشی: “بابه‌تی په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا زۆر ئاڵۆزه،‌ ئه‌م گرفته‌ به ‌فه‌رمی ساڵی 2007 ده‌ستی پێكردووه‌، كاتێك ئه‌ردۆغان چووه‌ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و كاته‌ جۆرج بۆش سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بوو، له‌و ساڵه‌دا عێراق له‌ژێر ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا بوو. بۆش دوو بڕیاری دا، یه‌كه‌میان: ئەوەبوو رایگەیاند په‌كه‌كه‌ دوژمنی عێراق و توركیا و ئه‌مه‌ریكایه. كاتی خۆیشی ئه‌م قسه‌یه‌م له‌ كتێبه‌كه‌ی خۆم نووسیوه، ‌ئه‌وه‌بوو رێگای دا به ‌توركیا به‌ فڕۆكه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ عێراق بۆردومان بكات. بۆیه‌ ئێستا هه‌ر قسه‌یه‌ك بكرێت راستییەكەی ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له ‌سه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراقیشه‌وه‌یه‌، بابه‌تێكه‌ له‌ ئاستی ئه‌مه‌ریكا و توركیا بڕێنراوه‌ته‌وه‌ و رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌. خاڵی دووه‌م: توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ سیاسه‌تی خۆی، به‌رنامه‌ی توركیا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ په‌كه‌كه‌ وه‌ك پڵنگه‌كانی تامیل لێ بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ داوای له‌ ئێران و عێراق و هه‌رێم كردووه‌، هاوكاریی بكه‌ن، ئێران هاوكاریی نه‌كردووه‌ و عێراقیش ئه‌و توانایەی‌ نییه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش هیچ به‌ڵێنێكی نه‌داوه‌تێ.“

د.فایه‌ق گوڵپی ڕاشكاوانە گوتی: ”ئێستا په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كانی بادینان گله‌یی لە پارتی ده‌كه‌ن، كه‌ هاوكاریی توركیا ده‌كات، له‌ سلێمانیش له‌ژێر ده‌ستی یه‌كێتی، له ‌رووی سه‌ربازییه‌وه‌ یه‌كێتی دووره‌ له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕی په‌كەكه‌ و توركیا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ سلێمانی، یه‌كێتی رێگا ده‌دات رێكخراوی نزیك له‌ په‌كەكه‌ چالاكییان هه‌بێت و رێگا به ‌كادیرانی په‌كه‌كه‌ ده‌دات بێنه‌ ناو سلێمانییه‌وه‌، به‌ڵام له‌و لایه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ و كادیره‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ سلێمانی له‌ناو بران.‌ دیار غه‌ریب و زۆری دیكه‌ كوژران، كەچی یه‌ك كەس سەركۆنەشی ناكات.“

ئەوەشی نەشاردەوە كە مادام ”كاتی خۆی“ بۆش گڵۆپی سه‌وزی داگیرساندووه‌ به‌وه‌ی، په‌كه‌كه‌ دوژمنی توركیا و ئه‌مه‌ریكایه‌، بۆیه‌ ”ئێستا له‌ناو عێراق ده‌ستی توركیا ئاوه‌ڵا كراوه‌ بۆ لێدانیان و هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی براده‌رانی په‌كه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌، خه‌ڵك ده‌نێرن بۆ باشووری كوردستان به‌ ئۆتۆمبێل هاتوچۆ ده‌كه‌ن، باشه‌ بۆ به‌ ئۆتۆمبێل هاتوچۆ ده‌كه‌ن؟ دووه‌م، هه‌ندێك جار ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی هاتوچۆیان پێ ده‌كه‌ن، له‌ شوێنی مه‌ده‌نی ڕایاندەگرن. له‌به‌رده‌م چێشتاخانه‌ و شوێنی گشتی، ئێ ره‌نگه‌ توركیا جی پی ئێسی پێوه ‌بنێت، هه‌ڵه‌ی په‌كەكه‌ ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ رێكخستنی له‌ باشووری كوردستان نییه‌ به‌وه‌ی، كه‌ پێویسته‌ بكرێت، كاتی خۆی پارتی و یه‌كێتی رێكخستنیان هه‌بووه‌، براده‌رانی په‌كه‌كه‌ له ‌دوای راپه‌ڕین و تا ئێستا رێكخستنیان دروست نه‌كردووه‌، كه‌ خه‌ڵك نه‌زانێت كێیه. من چوار ساڵ‌ سه‌رۆكی په‌چه‌ده‌ كه ‌بووم، هه‌وڵمدا ئه‌م هه‌ڵه‌یە راست بكه‌نه‌وه‌، نه‌یان كرد، خه‌ڵكی كوردستان پێیان ده‌ڵێن تكایه‌ مه‌یه‌ن، تكایه‌ مه‌یه‌ن، ئه‌گه‌ر دێن به‌و شێوه‌یه‌ مه‌یه‌ن و په‌كه‌كه‌ ‌له‌وباره‌وه‌ كەمتەرخەمە.“ 

د.فایه‌ق گوڵپی باسیشی لەوە كرد كە لە سنووری هه‌ولێر و دهۆك، چالاكیی په‌كه‌كه‌ ڕێگەپێدراو نییه‌، ”ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكی روونه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له ‌سلێمانی وانییه‌، هی وا هه‌یه‌ له‌ناو یه‌كێتی به‌شداریی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات، به‌شداریی له‌ لۆزان ده‌كات، كە په‌كه‌كه‌ رێكی خستووه‌، ماقووڵ نییه‌ ئه‌و هه‌موو كادیره‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ سلێمانی تیرۆر ده‌كرێت و ده‌زگای زانیاریی یه‌كێتی ئاگای لێ نه‌بێت و هیچ هه‌ڵوێستیان نه‌بێت! نازانم بێ سه‌روبه‌ریی سیاسییه‌، یان دووفاقییە‌، ئه‌مه‌ زیانی بۆ په‌كه‌كه‌ش هه‌یه‌ و ده‌بێت به‌رپرسانی سلێمانی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن.“

ئه‌وه‌شی خسته ‌روو، كە ئه‌وانه‌ی به‌هۆی درۆنی توركیاوه‌ له‌ په‌كه‌كه‌ كشاونه‌ته‌وه‌، ”ترسنۆكن،“ چونكه‌ ”شه‌ڕ ئێستا ده‌ستی پێكردووه،‌ به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ په‌كه‌كه‌ متمانە‌ی به ‌به‌شێك له‌وانه‌ نییه‌ كه‌ كاری بۆ ده‌كه‌ن و گرفتی په‌كه‌كه‌ له‌ هەرێمی كوردستان ئه‌وه ‌نییه‌ له ‌ترسی درۆن خه‌ڵكی لێ ده‌كشێته‌وه‌، بەڵكوو ئه‌وه‌یه كه‌ به ‌نه‌زانی خه‌ڵك سواری ئۆتۆمبێل ده‌كه‌ن و به‌ درۆن لێیان ده‌ده‌ن. من ئه‌و مه‌ته‌ڵه‌م بۆ هه‌ڵنایه‌ت، كه‌ بۆچی په‌كه‌كه‌ گله‌یی له‌ پارتی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ یه‌كێتی ناكه‌ن، له‌كاتێكدا له ‌سنووری ئه‌وان زۆرترین كادیری په‌كەكه‌ تیرۆر ده‌كرێت.“

لە كۆتاییشدا ڕاشكاوانە گوتی: ”ئێمه‌مانان ئێستا له‌ناو هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان نین و بێ لایه‌نین، به‌ڵام له ‌هه‌مان كاتدا ئه‌و كه‌سانه‌ی تێكەڵی په‌كه‌كه‌ بوون له‌ هەرێمی كوردستان، حیساب بۆ را و بۆچوونیان نه‌كرا و دوور كه‌وتنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر گوێیان لێ بگیرابایه‌، ئێستا دۆخی په‌كه‌كه‌ لەم بەشەی كوردستاندا زۆر باشتر ده‌بوو.“