لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق له ‌دژی راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ كه‌ركووك، خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و رێگه‌ی چوون و هاتنی كه‌ركووك – هه‌ولێریان داخست.

ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی ئابی 2023، له‌دژی رادەستکردنەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی له‌ كه‌ركووك، لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه ‌و رێگه‌ی چوون و هاتنی نێوان كه‌ركووك ـ هه‌ولێریان داخستووه‌.

په‌یامنێرمان له‌ كه‌ركووك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌ شه‌وی رابردووه‌وه‌ لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به‌ گروپی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له‌ دژی بڕیارێکی محەممەد شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ كه‌ركووك كه‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـەوە فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركووكی تێدابووه‌، خۆپێشاندان ئەنجامدەدەن.

خۆپێشاندەرەکان ئه‌مڕۆ هه‌ردوو رێگه‌ی چوون و هاتنی نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووكیان داخستووه ‌و خێوه‌تیان هه‌ڵداوه‌ و ئاسته‌نگیان بۆ هاتووچۆی شۆفێرانیش دروستكردووه‌.

هاوکات سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک راگەیاند، بەیانی ئەمرۆ بەهۆی ئەوەی بەشێک لەلایەنگرانی حەشدی شەعبی و عەسائبی ئەهلی حەق ڕێگەی سەرەکی نێوان هەولێر – کەرکووکیان داخستووە و خێمەیان هەڵداوە، دەیان قوتابی نەیانتوانیوە بگەنە هۆڵی تاقیکردنەوەکان و تاقیکردنەوەی خولی دووەم ئەنجامبدەن. 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، کاتژمێر 07:00ـی بەیانی ژمارەیەک قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ تاقیکردنەوەی خولی دووەم ویستویانە بچنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، بەڵام لەلایەن لایەنگرانی عەسائبی ئەهلی هەقەوە رێگریان لێکراوە. 

هەمان سەرچاوەی گوتیشی، دوای ئەوەی ئەو قوتابیانە پەیوەندیان پێوەکردوون، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکیان ئاگادارکردوەتەوە تاوەکو رێگە بەو قوتابیانە بدەن بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەن، بەڵام دوای چەند هەوڵێک لایەنگرانی حەشدی شەعبی ڕێگەیان بەو قوتابیانە نەداوە و بە دار و کەرەستەی ئاسن رووبەرووی ئەو قوتابیانە بوونەتەوە.

وەکو ئەوەی سەرچاەوکە باسی دەکات، لە هەوڵدان تاوەکو نووسراوێک ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردە بکەن تاوەکو ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو قوتابیانە بدۆزنەوە کە بەهۆی خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی نەیانتوانیوە تاقیکردنەوە ئەنجامـبدەن.