كتێبی “نەخشەڕێگەیەک بەرەو ئاشتی” بڵاوبووەوە

كتێبی “نەخشەڕێگەیەک بەرەو ئاشتی” كە توێژینەوەی هاوبەشی 12 نووسەری دیاری ناوخۆ و بیانییە لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا ناسێنرا.

‎”نەخشەڕێگەیەک بەرەو ئاشتی” كە بە زمانی ئینگلیزییە، پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان و پۆلێک ئەكادیمیی بەئەزموونە، هاوكات وەڵامدانەوەیەكی هاوبەشی ئەو توێژەرانەیە بۆ نەخشەڕێگە و ڕوانگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستان.

‎ئەم توێژەرانە، كە لە كۆمەڵگەی ئەكادیمیی دەرەوە خاوەنی پێگەی دیارن، لە كتێبەكەدا پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی خۆیان بۆ ڕوانگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەردەبڕن و بە دروست لە قەڵەمی دەدەن.

‎سەرجەم ئەو نووسەرانە هاوڕای سەرۆكی هەرێمن لەوەدا كە  سەروەریی دەوڵەتی عێراق و قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان بە یەک ئەندازە لەژێر گوشاردان و ئەو مەترسییە هاوبەشە دەتوانێت ببێتە هەوێنی دەرفەت و ڕێككەوتنێكی نیشتمانی كە بەرژەوەندیی هەردوولا بپارێزێت.

‎ نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا بانگەشەی ڕوانگەیەكی هاوبەشی نیشتمانیی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كردووە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی جێگیر كە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراق و كوردستان مسۆگەر بكات.

‎د. ئیقبال دورێ، د. سەعید شەمس، د. دەیڤید فیلیپس، د. پۆڵ بڵەكلێج و د. دەیڤید ڕۆمانۆ و ژمارەیەك نووسەری دیاری دیکە توێژینەوەكانی خۆیان لەو كتێبەدا بڵاو كردووەتەوە.