ژمارەی حزب و هاوپەیمانییەتی و کاندیدەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیەنرا

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە فەرمی ژمارەی ئەو حزب و هاوپەیمانییەتی و کاندیدانەی بڵاو کردەوە کە بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، ٦٠٢٢ کاندید و ١٣٦ حزب و هاوپەیمانێتی لە ١٥ پارێزگای عێراق لە هەڵبژاردنی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ڕکابەرێی یەکتر دەکەن و دەخوازن زۆرترین کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستەبەر بکەن.

کۆمسیۆنەکە ئاماژەی داوە بە گشتی ٣٨ هاوپەیمانێتی و ٢٨ حزبی سیاسیی لە عێراق بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، جگە لەو ٢٨ حزبە ٨ حزبی تر لە پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بەشدارن. هەر بەپێی ئامارەکە لە تەواوی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا بەڕێوە ناچێت، ٦٠٢٢ کاندید بەشدارن و ژمارەی کاندیدی هاوپەیمانێتییەکانیش دەگاتە ٤٢٢٣ کەس.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا ٧٠ کاندید وەک کەسی سەربەخۆ بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە و ١٧٢٩ کەسیش وەک کاندیدی حزبەکان بەشدارن. ژمارەی کاندیدی کریستیانەکان ١٦ و هی سابیئەکان ١٠، هی کوردانی فەیلی ١٣، شەبەک ٥ و ئێزدی ٤ و بەگشتی ژمارەی کاندیدی پێکهاتەکان دەگەنە ٤٨ کەس و ژمارەی کۆی هاوپەیمانی و حزب و لایەنەکانیش دەگەنە ١٣٦.
وەک کۆمسیۆنەکە خستوویەتە ڕوو، ژمارەی کاندیدی کورسییە گشتییەکان ٢٢ دانەن و دەدرێتە ئەو لایەنانەی زۆرترین دەنگیان لە پارێزگاکاندا دەستەبەر کردووە بەبێ گوێدانە جیاوازییەکی کەم لە ژمارەی دەنگەکانی نێوان لیستی یەکەم و دووەم.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردن بە سیستمى سانت لیگۆ بەڕێوە دەچێت و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سیستمەش ئەوەیە حزبە بچووکەکان چانسی دەستخستنی کورسییان زۆر کەم دەبێ و بە گشتی سیستمەکە لە قازانجی لیستە گەورەکاندایە و ژمارەیەک لە کورسییەکان لە قازانجی هاوپەیمانێتییە گەورەکاندا یەکلایی دەبنەوە.
ئەوەی لە پەیوەندی لەگەڵ کورد گرنگە، سنووری مادەی ١٤٠ بە گشتی و پارێزگای کەرکووک بە تایبەتییە و لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا چاوەڕوانیی ئەوە لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەبوو تا دیسان بۆ پاراستنی کوردستانیبوونی کەرکووک و دووبارە دەستەبەرکردنی دەسەڵات لەو پارێزگایە بە یەک لیست بەشداری بکەن بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وای کرد نەک لیستێک بەڵکوو فرەلیستی کوردی لەم پارێزگایە هەبێت.
دوایین جار کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لە عێراق کرابێت بۆ ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە بەڵام لە هەڵبژاردنەکە کە ساڵی ٢٠١٣ بەڕێوەچوو پارێزگای کەرکووک بەشدار نەبوو. لەوەتەی عێراقی فیدراڵی دامەزراوە لە کەرکووک تەنیا یەک جار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەچووە کە ئەویش لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو و تێیدا کورد زۆرینەی کورسییەکانی مسۆگەر کرد و بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی یاسایی ئیدارەی پارێزگاکەی بەدەستەوە گرت.
ئەو کات لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد و بۆیەش کورد سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا. لە هەڵبژاردنەکە کورد لە کۆى ٤١ کورسی، لە چوارچێوەی لیستى برایەتیدا ٢٦ کورسی بەدەست هێنابوو.
کورد تا ساڵی ٢٠١٧ ئیدارەی پارێزگاکەی بەدەستەوە بوو و یەکێتی و پارتی و لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان بە هاوبەشی پارێزگاکەیان بەڕێوە دەبرد. ئەو دۆخە بەردەوام بوو تا ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ کە پاشان رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەری بەداوادا هات کە بەهۆیەوە ئیدارەی پارێزگاکە لە کورد ستێنرایەوە و تەنانەت پاشەکشە بە پێشمەرگەش کرا و کورد ئیدارەکردنی پارێزگاکەی لەدەست دا.
سەرەڕای ئەوەی کە کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە فرە لیستی بەشدارە بەڵام دیسان ئەگەر دوای هەڵبژاردن سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان یەک بگرن، ئەو ئومێدە هەیە کورد لە پارێزگاکەدا ببێتە زۆرینە و هەر خۆی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەستنیشان بکات. بەڵام ئەگەر پێچەوانەی ئەمە ڕوو بدات و هاوشێوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەر هاوپەیمانێتییەکانی عێراقدا دابەش بن ئەوا بە ئاسانی دەسەڵاتی پارێزگاکە لەدەست دەدەن و هاوشێوەی شەش ساڵی ڕابردوو خەڵکی غەیرە کورد ئیدارەی پارێزگاکە بەدەستەوە دەگرێت و جاران کە پارێزگارەکە سەپاو بوو ئەم جارە بەرگی یاسایی دەپۆشێت.
بەپێی ئامارێک کە كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڵاوی کردووەرتەوە، سەرووی ٢٧٠٠٠٠٠ کەس لە عێراق مافی دەنگدانیان هەیە و بەشداریی چالاکانەی دەنگدەرانی کورد لە هەڵبژاردنەکە دەتوانێت سوود بە پرسی کورد بگەیەنێت.