محمد لادێ – ههولێر
دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە، مافێکی هەرە سەرەتاییە و، نابێ کەس لێی بێبەش بێت؛ لە زۆر شوێنی جیهاندا ئاوی خواردنەوە زۆر بە زەحمەت دەست دەکەوێت و بە پێی ئامارەکان نزیکەی ٢ملیار کەس لە جیهاندا ئاوێکی شیاوی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم ساڵانە بڕە پارەیەکی زۆر خەرج دەکرێت و هاووڵاتیانی هەرێمیش زیاتر لە ستانداردی جیهانی، ئاوی خاوێن بەکار دەهێنن.
لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕی ٢ملیۆن و ٦٨٤هەزار و ٦٠٦مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بەرهەم دەهێنرێت و لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئاو و تەنکەرەوە بەسەر هاوبەشەکاندا دابەش دەکرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێگەی ٨١ پرۆژەی ستراتیژی و ٥٧٨٧ بیرەوە، ٢ملیار و ٦٨٤ملیۆن و ٦٠٥ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە لە ڕێگەی ١٤ بەڕێوەبەرایەتی و ١١٨ فەرمانگەوە بۆ تێكڕای هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان دابین دەكات كە ژمارەیان ١ملیۆن و ١٤هەزار و ٧٠٦ هاوبەشن؛ لەو ژمارەیەش ٧٠٤٢٥٩ هاوبەش پێوەری ئاویان هەیە و ٣١٠٤٤٧ هاوبەشیش هێشتا پێوەری ئاویان نییە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ساڵانە ٧٨٢ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان بەرهەم دەهێنێت، خەرجی بەڕێوەبردنی سێکتەری ئاو بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە ١٣٠ بۆ ١٤٠ملیار دینارە، لە کاتێکدا داهاتی کۆکراوەی ساڵانەی ئاو لە نێوان ٣١ بۆ ٤٠ملیار دینارە و لەو داهاتەش ڕێژەی ١٧٪ی دووبارە بۆ پڕۆژەکانی سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ خەرج دەكرێتەوە و بەمەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ملیار دینار خەرج بکات بۆ ئەم سێکتەرە گرنگە.
دابینکردنی ئاو لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەنیا بۆ شار و شارۆچکەکان نییە و ڕۆژانە لە ڕڕێگەی تەنكەرەوە، ئاوی پاك دەگەیێندرێتە گوند و ناوچە دوورەدەستەکانی کوردستان.
بەپێی ستانداردی جیهانی، هەركەسێك ڕۆژانە نزیكەی ٢٥٠ لیتر ئاوی پێویستە، كەچی لە هەرێمی كوردستان بە گوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ئەو بڕە ئاوەی بۆ هاووڵاتیانی كوردستان دابین دەكرێت هەر كەسێك ٣٠٠ تا ٣٥٠ لیتر ئاوی پێ دەگات کە ئەم بڕەش زۆر زیاترە لە پێویستی هەر هاوڵاتییەک، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکات بە تایبەتی بەهۆی بەکارهێنانی بۆ فێنککەرەوە و ئاودانی باخچەکان و چالاکییە جۆربەجۆرەکانی ناو ماڵ؛ وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە دەبێتە هۆی خەرجییەكی زۆر لەسەر حكوومەت و كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی بۆیە داوای لە هاووڵاتیان کرد کە ئاگاداری بەکارهێنانی ئاو بن و بە ئەندازەی پێویستی خۆیان ئاو بەکار بهێنن و، زیادەمەسرەف نەکەن.
لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارە لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، بەڵام ئەو بەرپرسیارێتییە بەشێكی دەكەوێتە ئەستۆی هاووڵاتییانیش، چونكە لایەنی دووەم کە هاووڵاتیانن، خزمەتگوزاریی ئاو وەردەگرن، بەوە بەرپرسیارێتی هاوبەشیان لەگەڵ حكوومەتدا دەبێت، بۆیە پێویستە هاوبەشانی ئاو، لەپێناو ڕێگریكردن لە گرفتی كەمئاوی و هاوكاریكردنی حكوومەت، پێوەری ئاو و تەوافەی ناو تەنكی ببەستن، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی ئەو بڕە ئاوەی دەدرێتە باخچەكان نابێت بەهەدەر بدرێت؛ زۆربەی شوێنەكان سۆندەی ئاو لەناو باخچەكان بە كراوەیی جێ دەهێڵن ئەمەش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاوێكی زۆر و، ئەوەش كار دەکاتە سەر ماڵی دیكە و، کەمئاویان دەخات.