وەزارەتی شارەوانی چوار گرێبەستی شوێنەواری لەگەڵ زانكۆكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا واژوو دەكات

ئەمڕۆ یەكشەممە 27/8/2023 لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و تیمی زانكۆكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا چوار گرێبەستی تایبەت بە پەرەپێدانی كەرتی شوێنەوار لە سنووری پارێزگەی دهۆك واژوو كران بەمەبەستی كاری هەڵكۆڵین و نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی سنووری پارێزگەی دهۆك.
ڕێوڕەسمی واژووكردنی گرێبەستەكان لە دیوانی وەزارەت و بە ئامادەبوونی كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بێكەس بریفكانی بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و هیوا شیمال بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری ئاكرێ، لە تیمی زانكۆكانیش پرۆفیسۆر پیەر فلزنر لە زانكۆی توبگینی ئەڵمانی و پرۆفیسۆر دانێلی موڕاندی لە زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی كە سەرپەرشتیاری دوو تیم دەكات، پروفیسۆر رافایل کۆلونسکی لە زانكۆی ئادەم میکیڤیچی پۆڵەندی و دكتۆرە ڤلانتینا بزاریۆ لە زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی بەڕێوەچوو. 
ئەو چوار گرێبەستە بۆ ماوەی چوار ساڵە و بە هەماهەنگی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلپووری دهۆك و ئاكرێ و تیمی زانكۆكان سەرپەرشتیی دەكرێن، وەك كاری هەڵكۆڵینی شوێنەواری گرێ گومل و نۆژەنكردنەوەی شوێنەواری خەنەس، هەروەها هەڵكۆڵینی گرێ باستكێ لە قەزای سێمێل و ڕووپێوكردنی شوێنەواری لە دەڤەری نەهلێ لە قەزای ئاكرێ و هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە شوێنەكانی باژێرە ژێری لە قەزای ئاكرێ و چەند شوێنێكی تری شوێنەواری لە سنووری پارێزگەی دهۆك. مۆڵەتەكانی كاركردن بۆ ماوەی چوار ساڵ كاریان پێدەكرێت بۆ ڕووپێوی و هەڵكۆڵینی شوێنەواری و نۆژەنكردنەوە لە پێگە شوێنەوارییەكانی دهۆك دەكەن.