نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی دەرچووانی خولی چوارەمی پەیمانگەی دادوەری گوتارێكی پێشکەشکرد و تێیدا باسی لەوەکرد، بوون بە دادوەر ئەرکێکی سەخت و بەپرسیارێتییەکەی گەورەیە بەرانبەر بە خوا و بەرانبەر بە ویژان و مرۆڤایەتی.
وەک سەرۆکی هەرێمی ئاماژەی پێدا، یاسا دەسەڵاتی بە دادوەر داوە کە ئازاد بێت، ئەوە ئەرکی دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرانە، سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن، ئەرکی دادوەرە کە خۆی قبوڵی نەکات و رازی نەبێت هیچ کەس و لایەنێک دەسەڵاتی خۆیدا بەسەردا بسەپێنێت.
لە رێوەڕەسمی خولی چوارەمی سوێندخواردنی پەیمانگەی دادوەری، نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، کێشە و ئاڵنگاری لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا هەن، بەڵام سوورن لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی تێیدا، جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان ئامادەبکرێت و خولی داهاتووی پەرلەمان پەسەندی بکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا رووی قسەکانی کردە دەرچووانی خولی چوارەمی پەیمانگەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان و گوتی: ئێوە پیشەیەکی قورستان هەڵبژاردووە، هیوای سەرکەتنتان بۆ دەخوازم لەم رێگە سەختەی هەڵتانبژاردووە.
نێچیرڤان بارزانی بە دادوەرانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: ئێوە راستەوخۆ سەروکارتان لەگەڵ هاووڵاتییان و داوا و مافەکانیانە، ئێوە پارێزەری مافەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و ماف و موڵکی گشتین.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە سەربەخۆبوونی دادگاکان کردەوە و راشیگەیاند، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا لە کۆڵەکەیەکی سەرەکی حکوڕانی دروست و سەرکەوتووە لە وڵاتدا، گوتیشی: بۆئەوەی بڕوا و متمانەی بە یاسا و دادگا هەبێت، دەبێت دڵنیابێت کە مافەکانی دەپارێزرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، دادوەری بنەمای حوکمڕانییە و پارێزەری کۆمەڵگە و سیستەمی سیاسییە لە هەر وڵاتێک.